دوو پرۆژه‌ی گرنگ له‌ دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێن

:: PM:03:34:22/02/2017 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم رێکەوتی 22ی شوبات/ فێبرایەر، لە شارۆکەی سێمێلی سەر بە پارێزگای دهۆک، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی بەرهەمهێنان و سەربڕخانەی مریشک دانرا.

فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆک، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پێداویستییەکانی پارێزگای دهۆک و بە رێژەیەکی زۆر دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی پێداویستی پارێزگاکە بە بەرهەمی ناوخۆیی و هاوکات دەشبێتە هۆی رەخساندنی ژمارەیەک هەلی کار.

گوتیشی، ئێمە وەکو پارێزگا پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەی تری هاوشێوە دەردەبڕین، داواش لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین، هاوکاریی زیاتری وەبەرهێنەران بکات، بە مەبەستی برەوپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.

ساڵح ئامێدی، خاوەنی پڕۆژەکە لە گوتەیەکدا رای گەیاند، پڕۆژەی بەرهەمهێنان و سەربڕخانەی "العمادی الامین"، بە تەواوبوونی دەتوانێت ساڵانە ملیۆنێک و 500 هەزار تەن گۆشتی مریشک بەرهەم بهێنێت، ئەمە جگە لە دابینکردنی هێلکە و عەلەفیش، هاوکات پڕۆژەی سەربڕخانەکە دەتوانێت لە سەعاتێکدا چوار هەزار و 500 مریشک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بە سیسته‌می ستانداردی جیهانی سەرببڕێت.

ئەم پڕۆژەیەی بەرهەمهێنان و سەربڕخانەی مریشک، دەکەوێتە نزیک گوندی "مەرینا"ی سەر بە شارۆکەی سێمێل، بڕیارە لەسەر رووبەری 13 دۆنم زەوی، بە بڕی دوو ملیۆن و 480 هەزار دۆلار، لەلایەن کۆمپانیای "العمادی الامین" بێتە بنیادنان.

دهۆک/ نەوزاد هلۆری




وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی