لە زانكۆی پۆلیتەكنیك تەخشان و پەخشان بە پارەی قوتابییان دەكرێ

:: AM:08:51:23/02/2017 ‌

لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی، راگر و سەرۆك بەش و فەرمانبەران تەخشان و پەخشان بەو پارانە دەكەن كە لە قوتابییان وەردەگیرێ لە بەرامبەر خوێندن و مووچەی چەند مانگێكی خۆیان لێ خەرج كردووە، بەڵام مامۆستا كە ئەركە قورسەكەی لەسەر مووچەی پێ نەدراوە. سەرۆكی زانكۆكە دەڵێ، "ئەوان لیستەكانیان ئامادە نییە".
تابان كەركووكی مامۆستای زانكۆ لە سلێمانی لە وتارێكدا كە لە سایتی "وشە" بڵاو كراوەتەوە، ئاشكرای دەكات كە تەنیا بۆ ئەوەی پارەیەكی زۆر كۆ بكەنەوە لە خەڵك لە بەرامبەر ڕێگەدانیان بە خوێندن، ژمارەیەكی زۆر قوتابی وەرگیراون بۆ ئەمساڵ تا پارەی مووچە بۆ مامۆستایان دابین بكەن، بەڵام سەیر لەوەدایە كە چارەنووسی ئەم هەموو پارەیە چی لێ هات لە سایەی نەبوونی چاودێرییەكی وردی وەزارەت و حكوومەتی هەرێم؟
ئەوەیشی روون كردووەتەوە كە لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی، لە سەرجەم ئەو بەشانەی لە كۆلیژی و پەیمانگە تەكنیكییەكان كراونەتەوە، زیاتر لە 500 ملیۆن دینار كۆ كراوەتەوە و لە حیسابی زانكۆ دانراوە. ئاشكرای كرد، "ئەم پارەیە پێویست بوو خەرج بكرێت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران كە ئێواران دەوام دەكەن، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەم زانكۆیە لە كۆتای مانگی رابردوو كانوونی دووەم و سەرەتای ئەم مانگە شوبات، بەشێوەیەكی نهێنی و تایبەت و دوور لە هەموو یاسایەك لە پارەی كۆكراوەی قوتابییانی ئێواران، تەواوی مووچەی مانگی (7، 8، 9، 12ی 2016 و مانگی 1ی 2017)یان بۆ خۆیان بڕیوەتەوە و وەرگرتووە، لە كاتێكدا لە هیچ شوێنێكی ئەم زانكۆیە دەوام نەكراوە". 
"هەروەها هەرچی ڕاگری كۆلێژ و پەیمانگەی سەر بەم زانكۆیە و جێگرەكانیان هەیە، هەمووی مووچەی مانگی (10، 11، 12)یان بۆ خەرج كراوە لە كاتێكدا ئەمانیش هیچ دەوامێكیان نەكردووە و بایكۆت بووە"، لە نووسینەكەدا هاتووە.
كەركووكی پەردە لەسەر ئەوەش لا دەدا كە "هەر بە بڕیاری سەرۆكی ئەم زانكۆیە، مووچەیەكی 700 هەزاری دیناری و 600 هەزار دیناری خەرج كراوە بۆ سەرۆكی بەشەكانی كولیژ و پەیمانگەكان و هەندێ فەرمانبەری نزیك لە خۆیان و بڕیاردەری بەشەكان، بەڵام تا ئێستە یەك مامۆستا لە پەیمانگە و كولیژەكانی ئەم زانكۆیە، فلسێكیان وەرنەگرتووە لە كاتێكدا هەرچی پارەیە كە كۆ كراوەتەوە، بۆ ئەوە بووە مووچەی مامۆستایانی پێ دابین بكرێت".
ئالان فەرەیدوون سەرۆكی زانكۆی پۆلەتەكنیكی سلێمانی بە"وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا لە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش دەكەین، ئێستە مووچەی فەرمانبەران دراوە، بەڵام مووچەی مامۆستا نەدراوە و نووسراومان كردووە بۆ كۆلێژ و پەیمانگەكان بۆ بەڕێوەبەری دارایی و وردبینی، ئەوانیش واژووی بكەن، بەڵام لیستەكانیان تەواو نەكردووە، ئەوەی لیستەكەی تەواو كردووە وەك پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی، مووچەی خۆیان وەرگرتووە.
فەرەیدوون ئەوەیشی گوت، "پێمان گوتوون كە بە زووترین كات پێویستە كۆلێژەكانی تریش لیستی خۆیان تەواو بكەن، تا لیست نەیەتە بەردەممان ناتوانین مووچە دابەش بكەین، بەڵام پارەی ئامادەمان هەیە، لەبەرئەوەی یەكەم مانگانە پارە دەدرێت بۆ خوێندنی ئێواران، هۆكاری دواكەوتنەكەی ئەوەیە، بەڵام لە مانگەكانی ترەوە پێدانی مووچە لە كاتی خۆی دەبێت.
"پارەیەكی زۆرمان خەرج كردووە لە بەشی ناوخۆیی و كەمپی زانكۆ، كۆلێژەكان و ئامێرەكان و تاقیگەكان، سەرجەم پارەكە لە حیسابی بانكی هەیە، بەڵام تەواونەكردنی لیستەكان هۆی نەدانی مووچەیە، ناكرێت تاك تاك مووچە وەربگیرێت، بەردەوام داواكاریشمان بۆ دێت بۆ چاككردنی باڵەخانەكان، ئەوەش بەپێی توانا پارەی تێدا خەرج كراوە، حیسابی ئەوەشمان كردووە تا مانگی تەمووزی داهاتوو كە خوێندن بەردەوامە، دەبێت پارە هەبێت و مووچە بدەین". سەرۆكی زانكۆی پۆلەتەكنیك وای گوت.
دكتۆر ئالان روونی دەكاتەوە كە بۆ وەرگرتنی پارە لە خوێندكار، حیسابی خراپیی باری دارایی هاووڵاتییان كراوە و دەڵێ، "داشكاندان كراوە، لە هەندێك بەش نرخەكان 50%ی زانكۆ ئەهلییەكانە، لە هەندێكی تر %60، پەیمانگەكان لە یەك ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەكات بەپێی بەشەكان، كۆلێژەكانیش لە ملیۆنێك و 500 هەزارەوە دەست پێ دەكات بەهەمان شێوە بەپێی بەشەكان، بەهۆی دۆخەكەوە هەندێك لەو پارەیە بەقیست وەردەگیرێت وەك كارئاسانی بۆ قوتابییان".
 هاوسەر هۆشیار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەوبارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی پارێزگا بەپێی یاسا توانای ئەوەمان نییە لە كەرتی خوێندنی باڵا و پێشمەرگە و داد و یاسا لێكۆڵینەوە بكەین و ئەو دەسەڵاتە لای ئێمە نییە. بەڵام بە "كارێكی خراپ"ی ناو برد.
 هەروەها گوتی: "ئێمە وەك ئەنجوومەن نا، چونكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، بەڵام لە لایەنێكی ترەوە ئیش و بەدواداچوون بۆ ئەو كارە دەكەین تا لە ڕاستی بابەتەكە دڵنیا ببینەوە".
"وشە"، پێوەندی بە چەند مامۆستایەكی زانكۆی پۆلیتەكنیك و مامۆستا میران سەرۆكی بەشی ئایتی زانكۆی پۆلیتەكنیك كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناتوانن لێدوان بدەن. هیچ زانیارییەكیان نەدا.

سلێمانی. هۆشیار عەلی



وشە - تایبه‌ت