واده‌ی دابه‌شكردنی پارەی هاندانی مامۆستایان دیاری كرا

:: PM:06:36:23/02/2017 ‌
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پارەی هاندانی مامۆستایان بەهۆی جیاكردنەوەی ناوی مامۆستایانی دەرەوە و ناوەوەی شارەكانی كوردستان دواكەوتووە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشكردنی پارەكە دەكرێت.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، د.پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی كردنەوەی پڕۆژەیەكی پەروەردەی  لەزاخۆ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی دا رای گەیاند، ئێستە نزیكەی 370 پرۆژەی پەروەردەی بەهۆی تەنگژەی دارایی لەهەرێمی كوردستان وەستاوە و پرۆسەی پەروەردە پێویستی بەهاوكاری هەیە.

زیاتر گوتی، پێویستە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ پرۆسەی پەروەردە بەردەوامی هەبێت و وەزارەتی پەروەردە بەردەوام دەبێت لەدابین كردنی مافی مامۆستایان.

پشتیوان سادق گوتی، بەهۆی چەند هۆكارێكی تەكنیكی و جیاكردنەوەی ناوی مامۆستایانی ناوەوە و دەرەوەی شار پێدانی پارەی هاندانی مامۆستایان دواكەوتووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەهەفتەی داهاتوو پارەی هاندانی مامۆستایان دابەشدەكرێت.

ئەو وەزیرەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی دا، لە هەر زیادبوونێكی داهات بۆ هەرێمی كوردستان حكوومەت ئەولەویەتی بۆ مامۆستایان دادەنێت، چونكە مامۆستایان كۆڵەكەی پێشكەوتنی كۆمەڵگەن.

پارەی هاندانی مامۆستایان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەمانگی 12ی ساڵی رابردوو بریاری خەرجكردنی لێ‌ دراوە كە بۆ مامۆستایانی ناوخۆی شارەكان 100 هەزار دینار و بۆ مامۆستایانی دەرەوەی شار 150 هەزار دینار دابەشدەكرێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم