ئه‌گه‌رچی نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی دنیا و هه‌رێمی كوردستانیشدا ڕووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه، به‌ڵام گوته‌بێژی سه‌ندیكای زێڕنگه‌رانی كوردستانی لقی هه‌ولێر ده‌ڵێت، بازاڕی زێڕ له شاره‌كانی كوردستان به‌هۆی بڕیارێكی عێراقه‌وه به خراپترین دۆخدا ده‌گوزه‌رێت، ته‌نیا له شاری هه‌ولێر دوو زێڕنگه‌ر و چوار كۆمپانیای هاورده و هه‌نارده وازیان له كاره‌كانیان هێناوه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 21ی شوبات، هه‌ندرێن عه‌بدولڕه‌حمان وه‌رتی گوته‌بێژی سه‌ندیكای زێڕنگه‌رانی كوردستان لقی هه‌ولێر، به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له 31ی ئابی ساڵی 2020وه كه بڕیاری فه‌رمی ده‌رچوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه كه له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی هه‌نارده و هاورده نه‌كرێت، بازاڕی زێڕ له هه‌رێمی كوردستان به خراپترین دۆخدا ده‌گوزه‌رێت.
زیاتر گوتی، زێڕنگه‌ر و كۆمپانیاكانی بواری زێڕ ماوه‌ی زیاتر له هه‌شت مانگه كار ناكه‌ن و كاره‌كانیان به ئه‌سته‌م به‌ڕێوه ده‌چێت، ئێسته چوار كۆمپانیا وازیان له كاره‌كانیان هێناوه و تووشی زیانی گه‌وره بوونه و ئه‌مساڵ دوو دوكانی زێڕنگه‌ر مۆڵه‌ته‌كانیان نۆی نه‌كرده‌وه.
دوو زێڕنگه‌ر و چوار كۆمپانیای هاورده و هه‌نارده وازیان له كاره‌كانیان هێناوه
ئاشكرای كرد، "زێڕنگه‌ر هه‌یه له هه‌ولێر له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌هۆی ئه‌و بڕیاره زیانی یه‌ك ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌ركه‌وتووه، دڵنیام ڕێژه‌ی زیانه‌كان به‌رزتر ده‌بێته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاڵوگۆڕی زێڕنگه‌رانی كوردستان له دوبه‌ی و ئیستانبوڵه‌وه ده‌كرێت و زۆربه‌یان قه‌رزاری ئه‌و شوێنانه‌ن."
ئاماژه‌ی دا، له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی ڕابردوودا به نزیكه‌ی زێڕنگه‌رانی كورد زیاتر له 10 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی زیانیان به‌ركه‌وتووه. بۆیه داواكارین كێشه‌كان به زوویی چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه ئه‌م دۆخه زیانی به زێڕنگه‌ره تاكفرۆشه‌كانیان گه‌یاندووه.
ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئێمه له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ركردنی دۆخه‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین باجی زێڕ له هه‌ولێره‌وه بچێته به‌غدا، چونكه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیانمه‌ند ده‌بێت، له ڕووی باج و ڕه‌سمی گومرگه‌وه زیانی زۆری به‌رده‌كه‌وێت و ئه‌و داهاته نایه‌ته خه‌زێنه‌ی حكوومه‌ت و كوردستانه‌وه، بۆیه ئێمه‌یش ئه‌وه‌مان پێ ناخۆشه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، له ساڵی 2013دا 114 تۆن زێڕ له فڕۆكه‌خانه‌كانه‌وه هاورده كراوه. له ساڵی 2014یشدا 90 تۆن بووه كه 70٪ی زێڕی هاورده‌كراو بۆ شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بووه.
به‌رده‌وامی قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌نارده و هاورده‌كردنی زێڕ له ڕێی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه، له 31ی ئابی ساڵی 2020وه حكوومه‌تی عێراق ئه‌و بڕیاره‌ی داوه و به‌رده‌وامه، زیانی زۆری به كوردستان و كاسبكارانی گه‌یاندووه، ئه‌م بڕیاره‌ش ته‌نیا كوردستانی گرتووه‌ته‌وه و له فڕۆكه‌خانه‌كانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و به‌غدا دۆخه‌كه ئاساییه.