داخوازی لەسەر نەوت بۆ ئاستی پێش كۆرۆنا دەگەڕێتەوە

:: AM:11:58:24/02/2021 ‌
لێكۆڵەرەوانی دامەزراوەی ئێس پی گلۆباڵ، پێشبینی ئەوە دەكەن تا كۆتایی ساڵی 2021 بڕی داخوازی لەسەر نەوت بۆ هەمان ئاستی پێش دەستپێكردنی كۆرۆنا بگەڕێتەوە.

بەپێی ئەو پێشبینییەی كراوە، بڕی پێویستی بازاڕ بە نەوت دەگاتە 102 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە كە لە كۆتایی ساڵی 2019ەوە تۆمار كرابێت.

هەر بەپێی پێشبینییەكە، قەبارەی داخوازی لەسەر سووتەمەنی فڕۆكە هێشتا لە ئاستێكی نزمدایە و تەنانەت تا ساڵی 2023 ئاسایی نابێتەوە.

پەرەسەندنی كارگە پیشەسازییەكان لەگەڵ پاشەكشەكردنی كۆرۆنا و زیاتر بەرهەمهێنانی پێكوتە و بەڕێوەچوونی هەڵمەتی كوتان لە وڵاتان، وا دەكات ژیانیش زیاتر ئاسایی ببێتەوە.
تا مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دۆخی بازاڕی نەوت ئاسایی دەبێتەوە.

ناتاشا كانوا لە دامەزراوەی جی پی مۆرگان، پێشبینییەكی گەشبینانەتری هەیە و دەڵێ، تا مانگی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ دۆخی بازاڕی نەوت ئاسایی دەبێتەوە.

پێویستە بگوترێ ساڵی رابردوو داخوازی لەسەر نەوت بە رێژەی 9% دابەزی، هەر ئەوەش هۆكار بوو لەوەی بەهای نەوت روو لە دابەزین بكات.

بەگوێرەی dailyfx ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 65 دۆلار و 34 سەنت دەفرۆشرێت و بەرزبوونی نرخەكەشی نیشانەیە بۆ زیاتر ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.



وشە - سلێمان تاشان