لە هەشتی مارسدا ژنانی كوردستان و دنیا بە پەرەپێدانی تواناكانیان پێداگری لە مافەكانیان دەكەن

:: PM:04:15:08/03/2021 ‌
ئەمڕۆ هەشتی مارس رۆژی جیهانیی ژنانە و لە كوردستان و تەواوی  وڵاتانی دنیا، رێوڕەسمی جۆراوجۆر بۆ یادی ئەم رۆژە بەڕێوە دەچێت. ژنان پێیان وایە بە خۆپێگەیاندن و پەرەپێدانی توانایان، دەتوانن بۆ ئامانجەكەیان هەنگاوی باشتر بهاوێژن و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاشكرای دەكات، یەكێك لەو كێشانەی ژنان بەهۆیەوە دەچەوسێنەوە، ئەوەیە لە رووی داراییەوە سەربەخۆ نین.

بەشێك لە وڵاتان وەك هەر نەریتێك لە چوارچێوەی پیرۆزبایی و دەركردنی بەیاننامە، یادی ئەم رۆژە بەرز رادەگرن و بەشێكی تریش رۆژەكە دەكەن بە دەرفەتێك بۆ پێداچووەنەوە بە تەواوی ساڵەكە بۆ ئەوەی بزانن لە بەدیهێنانی مافی ژنان، تا چەند سەركەوتوو بوون و دەبێ چ بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو كێشانەش لابەرن كە ژنان گیرۆدەی بوون و بە دەستییەوە دەچەوسێنەوە.

لە هەرێمی كوردستان ژنان بۆ بەرزراگرتنی ئەم رۆژە، كۆمەڵێك رێوڕەسمی جیاوازیان رێكخستووە، لە چوارچێوەی كردنەوەی پێشانگە و پەرەپێدانی توانا و بەهرەكانیان، دەیانەوێ بە سەلماندنی توانای خۆیان زیاتر بەرگری لە مافەكانیان بكەن. 

لە هەولێر ژنان لە چوارچێوەی تابلۆی شێوەكاری و كاری دەستی و خستنەڕووی تواناكانیان رۆژەكەیان پیرۆز كرد.


لە هەولێر پێشانگەیەک بۆ ژنان كرایەوە و ژنان بەرهەمەكانی خۆیان لەو پێشانگەیەدا خستەڕوو كە پەیامنێری "وشە" راستەوخۆ چالاكییەكانی گواستنەوە. لە پێشانگەكە ژنان لە چوارچێوەی تابلۆی شێوەكاری و كاری دەستی و خستنەڕووی تواناكانیان رۆژەكەیان پیرۆز كرد. 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كە لە رێوڕەسمەكە ئامادە بوو، بەڵێنی هاوكاریی بە ژنان و ژنان دا و بۆ ئەوەی زەوینەی تەواویان بۆ بڕەخسێنێت، پەرە بە توانا و بەهرەكانیان بدەن.
یەكێك لە ژنانی كەمئەندامی خاوەن بەهرە لە لایەن پارێزگاری دهۆكەوە خەڵات كرا.

 لە دهۆكیش بۆ هەمان مەبەست پێشانگەیەك لە لایەن ژنانی رزگاربووی ئێزیدی بەڕێوە چوو. لەلایەكی تریشەوە یەكێك لە ژنانی كەمئەندامی خاوەن بەهرە لە لایەن پارێزگاری دهۆكەوە خەڵات كرا.

لە فڕەنسا گردبوونەوەیەكی ژنان لە دژی توندوتیژی سێكسی بەرانبەر ژنان بەڕێوە چوو، چەند گرووپێكی فێمینیست، داوایان كرد مانگرتن رێك بخەن بۆ ئەوەی لە هەموو بوارێكدا مافی ژنان یەكسان بە مافی پیاوان بێت.

فێمینیستەكانی فڕەنسا نیگەرانن لە ئاماری كوژرانی ژنان بە دەستی مێردیان، هەرچەند لە ماوەی ساڵی 2020 بەراورد بە ساڵی 2019 رێژەی كوشتنی ژنان كەمی كردووە.
لە ساڵی 2019 لەو وڵاتە 146 ژن بەهۆی توندوتیژی كوژراون، بەڵام ژمارەكە لە ساڵی 2020 بریتی بووە لە 90 ژن

 لە ساڵی 2019 لەو وڵاتە 146 ژن بەهۆی توندوتیژی كوژراون، بەڵام ژمارەكە لە ساڵی 2020 بریتی بووە لە 90 ژن و بەشێك لە چاودێرانی مافی مرۆڤیش، هۆكارەكە بۆ ئەو دۆخە دەگەڕێننەوە لەم وڵاتە لە دژی كۆرۆنا رەچاو كراوە. لە رووسیاش ئەفسەرانی سەربازی بە ژەنینی  موزیك بە شەقامەكاندا دەسووڕێنەوە و گوڵ پێشكەشی ژنان دەكەن.

راكل لاگونا بەڕێوەبەرێكی پلانی پەرەپێدانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە یۆرۆ نیوزی گوتووە، زیاتر ئەو ژنانە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە كە داهاتیان كەمە، بۆیەش پێی وایە ژنان دەبێت دەستیان بە داهاتی خۆیان رابگات.

دەتوانن ئاسایشی دارایی بۆ 613 ملیۆن ژن لە وڵاتانی كەمدەرامەت و هەژار دابین بكەن.


بۆ نموونە باسی لەوە كردووە ئەگەر وڵاتان مانگانە 0,07%ی بەرهەمهێنانی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بكەن، ئەوا دەتوانن ئاسایشی دارایی بۆ 613 ملیۆن ژن لە وڵاتانی كەمدەرامەت و هەژار دابین بكەن.

هاوكات لە قامشلۆ ژنان لە رێپێوانێكدا باسیان لەوە كردووە ژنان لە رێی خوێندن و پەرەپێدانی پەروەردە و زانست و توانایان، دژی ستەم و كوشتن و نەریتێكی دواكەوتوو بجەنگن و پارێزگاری لە مافەكانیان بكەن.

دوای ئەوەی ژنان لە ساڵی 1908 بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبارەی مافەكانیان، خۆپێشاندانیان لە كارگەیەكی رستن و چنین لە نیویۆرك ریكخست، ئاگر لە كارگەكە كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 ژن لە ئاگردا سووتان، ئەو رووداوەش دەبێت بە سەرەتایەك بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ بەرگریكردن لە مافی ژنان.

یەكەم جار لە ساڵی 1909 و لە 28ی شوباتی ساڵەكەدا حزبی سۆسیالیستی ئەمەریكا رێزی لە مانگرتنی ژنانی كارگەی رستن و چنینی نیویۆرك  گرت. ساڵی 1910 كۆنگرەی جیهانیی سۆسیالیستەكان لە كۆپنهاگن، رۆژی ژنانی كردە رۆژێكی نێودەوڵەتی و كردی بە هێمایەك بۆ داواكردنی مافی ژنان، بەڵام رۆژێكی دیاریكراو دەستنیشان نەكرا. 
لەو رۆژەدا زیاتر لە ملیۆنێك كەس خۆپێشاندانیان رێكخست و داوای مافەكانیان كرد.

ساڵێك دواتر كاریگەرییەكانی كۆنگرەی كۆپنهاگن بوو بەهۆی ئەوەی كە بۆ یەكەم جار لە 19ی ئادار لە نەمسا، دانیمارك، ئەڵمانیا و سویسرا رێز لە خەباتی ژنان بگیرێت. لەو رۆژەدا زیاتر لە ملیۆنێك كەس خۆپێشاندانیان رێكخست و داوای مافەكانیان كرد.

لە ساڵی 1913 ژنانی رووسیا بۆ یەكەم جار لە دوایین شەمووی مانگی شوبات، یادی ژنانیان كردەوە. لە ساڵی 1914 كۆمەڵێك مانگرتن بە سەركردایەتی ژنان كران، بەڵام هیچ كامێكیان لە هەشتی مارسدا نەبوون. لە ساڵی 1914 لە هەشتی ئادار/مارس یادی ژنان بەرز راگیرا و لە ئەڵمانیاش یادەكە تایبەت كرا بە پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان كە تا ساڵی 1918 ئەو مافەیان دەستەبەر نەكرد.

بەگوێرەی ویكیپیدیا، لە هەشتی ئاداری ساڵی 1914 لە لەندەن خۆپێشاندانێكی گەورە بۆ بەرگری لە مافی دەنگدانی ژنان بەڕێوە چوو. 

ساڵی 1917 ژنانی رووسیا بەر لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر، خۆپێشاندانیان رێكخست و چوار رۆژ دواتر قەیسەری رووسیا لە دەسەڵات كشایەوە و دواتر رۆژی هەشتی مارس كرا بە رۆژی جیهانی ژنان، تا ئێستە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بە رێكخستنی رێوڕەسمی جۆراوجۆر، باس لە مافەكانی ژنان و بنەبڕكردنی ئەو توندوتیژییانە دەكرێت كە بەرانبەریان ئەنجام دەدرێت.

یەكەم جار لە ساڵی 1977 لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژەکە دیاری کرا


بۆ یەكەم جار لە ساڵی 1977 لە لایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەشتی ئادار بە فەرمی بە رۆژی جیهانیی مافەكانی ژنان و ئاشتی جیهانیی دەستنیشان كرا.



وشە - سلێمان تاشان