سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كورستان چه‌ند زانیارییه‌ك له‌سه‌ر تۆماری بایۆمه‌تری ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت له یه‌كی ئایار تۆماری بایۆمه‌تریی فه‌رمانبه‌ران ڕاده‌وه‌ستێت و تۆماری بایۆمه‌تری بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش ده‌ست پێ ده‌كات، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئێسته چه‌ندین ناسنامه‌ی ناوگۆڕاو و په‌نجه‌مۆری دووباره ئاشكرا كراوه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م (27ی شوبات/ فێبرایه‌ر) ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ ماوه بۆ تۆمارى بایۆمه‌ترى فه‌رمانبه‌ران و سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هه‌فته‌ى پێشوو به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له یه‌كی ئایاری داهاتوودا تۆماری فه‌رمانبه‌رانی شارستانی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌وه‌ستێت، دوای یه‌كی ئایار ڕاسته‌وخۆ تۆماری بایۆمه‌تریی سه‌ربازی ده‌ست پێ ده‌كات، كه ئه‌وه‌ش سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی سه‌ربازی ده‌گرێته‌وه وه‌ك پێشمه‌رگه و ئاسایش و زێره‌ڤانی و یه‌كه‌كانی 70 و 80.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتی، ئه‌و تۆماره‌ش بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ده‌بێت و كۆی بنكه‌كانمان له 79 بنكه كه‌م ده‌كرێته‌وه بۆ 38 بنكه، به شێوه‌یه‌ك له هه‌ولێر 14 بنكه و له سلێمانی 14 بنكه و له دهۆك 10 بنكه‌مان ده‌بێت و له هه‌ر بنكه‌یه‌كیش سێ ته‌رمیناڵ واتا سێ په‌نجه‌ره ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌كه گوتی، تا 21ی شوبات 929 هه‌زار و 880 كه‌س تۆمار كراون و له‌باره‌ی كه‌سی دووباره‌شه‌وه ئاشكرای كرد كه، ڕێوشوێنی دژ به‌و كه‌سانه ده‌گرینه به‌ر كه هه‌وڵی تۆماركردنیان داوه بۆ دووجار و چه‌ندین كه‌یسیش هه‌بووه له‌لامان و زۆریشن وه‌ك گۆڕینی ناو و ناسنامه‌ی ساخته و هێنانی كه‌سی تر.
تۆماری بایۆمه‌تر له مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌ندرا به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی دوومووچه‌یی و مووچه‌ی دووباره، به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.