له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ له هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 50 كارگه‌ی گه‌وره و بچووك له هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێم مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، هه‌ندێكیشیان دامه‌زراون و ده‌ستیان به كاركردن كردووه و هه‌لی كاریان بۆ هاووڵاتییان ره‌خساندووه.
ئێسته به‌هۆی باشبوونی دۆخی دارایی و پێدانی مووچه له كاتی خۆیدا، دۆخی ئابووری هه‌رێمی تا ئاستێك ئاسایی بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یش وایكردووه خواست له‌سه‌ر دامه‌زراندن و وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی كارگه زیاد بكات و ئه‌و كارگانه‌یش كه مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن، جۆراوجۆرن له بواری پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و بیناسازیی و پلاستیكیدا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م چواری نیسان، فه‌تحی محه‌مه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كارگانه‌ی كه داوای مۆڵه‌ت ده‌كه‌ن له بازرگانی بۆ دامه‌زراندن به چه‌ند قۆناغێك ده‌بێت، له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا له هه‌رێمی كوردستان، واته له چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێم 47 كارگه دامه‌زراون و دابه‌ش بوون به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا و زۆرتر له هه‌ولێرن.
كارگه‌كان گه‌وره و مامناوه‌ند و بچووكن
روونیشی كرده‌وه كه كارگه‌كان گه‌وره و مامناوه‌ند و بچووكن، هه‌ندێكیان ئێسته دامه‌زراون و له كاردان و به‌رهه‌میان هه‌یه، له بواری جۆراوجۆر وه‌ك پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و بیناسازی و پلاستیك.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه هه‌ریه‌كه له‌و كارگانه‌ی به‌پێی قه‌باره‌ی خۆیان هه‌لی كاریان بۆ هاووڵاتییان ره‌خساندووه، هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌ی كارگه‌كانیش به‌پێی گه‌وره و بچووكی جیاوازه، به‌ڵام هه‌ر كارگه‌یه‌ك مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت، سه‌رمایه‌یان لای ئێمه گرنگی پێ نادرێت.
"به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2020دا، 61 كارگه مۆڵه‌تیان پێ دراوه، به‌ڵام ئه‌وكاته نه‌خۆشیی كۆرۆنا زۆر ته‌شه‌نه‌ی نه‌كردبوو، ئه‌مساڵ به‌هۆی نه‌خۆشیی كۆرۆناوه كه‌متر مۆڵه‌ت دراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به درێژایی ساڵ به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته به‌رده‌وام بێت، دامه‌زراندن و مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی كارگه زیاتر ده‌بێت و رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كاریگه‌ری ده‌بێت". فه‌تحی محه‌مه‌د وای گوت.
لای خۆیه‌وه محه‌مه‌د جه‌بار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و كارگانه‌ی كه بۆ ئه‌مساڵ مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه، مه‌رج نییه هه‌موویان ده‌ستیان به كار كردبێت و دامه‌زرابن، هه‌ندێك له‌وانه‌ی كه مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه كه چه‌ند كارگه‌یه‌ك ده‌بن، ده‌ستیان به‌كار كردووه به‌تایبه‌ت كارگه بچووكه‌كان.
هه‌روه‌ها گوتی، سه‌رمایه‌ی كارگه‌كان جیاوازه، له بازرگانیدا به‌مشێوه‌یه‌یه، هه‌ر كارگه‌یه‌ك سه‌رمایه‌ی له خوار 75 ملیۆن دیناره‌وه بێت، له ژووره بازرگانییه‌كان مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر له سه‌رووی 75 ملیۆن دیناره‌وه بێت له بازرگانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌كان مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت.
وه‌ك دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه به‌گشتی ئه‌و كارگانه‌ی كه دامه‌زراون، سه‌رمایه‌یان زۆر باشه تا ئێسته، "كارگه‌مان هه‌یه به سه‌رمایه‌ی سه‌رووی 10 ملیۆن دۆلار دامه‌زراوه".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی له سلێمانی گوتی، بۆ ئه‌و كارگانه‌ی كه دامه‌زراون له بچووك تا گه‌وره، خه‌ملاَندنیان به‌و شێوه‌یه كه كارگه‌ی بچووك له 10 هه‌لی كار كه‌متری ناوێ، كارگه گه‌وره‌كانیش هه‌لی كاریان ده‌گاته سه‌رووی 50 كه‌س.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی