ئێران دیسان داوای پارەی كارەبا و گاز لە عێراق دەكات

:: PM:04:13:04/04/2021 ‌
یەحیا ئالی ئیسحاق سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق دەڵێت، بەغدا بە بیانووی جیاوازی وەك سزاكانی ئەمەریكا، پارەی گاز و كارەبا نادات، لە كاتێكدا ئەمەریكا خۆی عێراقی سەربەست كردووە كارەبا و گاز لە ئێران بكڕێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئەمەریكا دووبارە مۆڵەتی كڕینی گاز و كارەبا لە ئێران بۆ عێراقی درێژ كردەوە، پێشتر كە تەنیا 90 رۆژ درێژ كرایەوە، ئەمساڵ بۆ چوار مانگ درێژ كرایەوە. 
كاتێك ئەمەریكییەكان مۆڵەت بە وڵاتێك بدەن لە وڵاتێكی تر شتێك بكڕن، ئەوا رێی ئەوەیان لێ ناگرێت پارەكەیان بدەن

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، كۆی قەرزی ئێران لەسەر عێراق بە زیاتر لە پێنج ملیار دەخەڵمێنرێت. یەحیا ئالی ئیسحاق سەرۆكی ژووری بازرگانی ئێران و عێراق گوتوویەتی، كاتێك ئەمەریكییەكان مۆڵەت بە وڵاتێك بدەن لە وڵاتێكی تر شتێك بكڕن، ئەوا رێی ئەوەیان لێ ناگرێت پارەكەیان بدەن، بەڵام عێراقییەكان بیانووی جیاواز دەهێننەوە.

پارەی كارەبا لەبەرئەوەی بە دینار دەدرێت، عێراق لە پێدانی هیچ كێشەیەكی نەبووە و ئێرانیش ددانی بەوە ناوە پارەی كارەبای وەرگرتووە، بەڵام لە پێدانی پارەی گاز كە بە دۆلارە، عێراق نەیتوانیوە پارەكە بدات.

ئەمەریكا چەندان جار داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی پڕیشكی ئەو سزایانەی بەرنەكەوێت كە بەسەر ئێرانی سەپاندوون، كارەبا و پێداویستی گازی خۆی لە سعوودیە دابین بكات، یان پەرە بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بدات و بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە.

یەكێك لەو كارتە فشارانەی ئێران لە دژی عێراق بەكاری هێناوە، ئەوە بووە لە وەرزی گەرمادا هەندێك جار كارەبای عێراق بپچڕێنێت


یەكێك لەو كارتە فشارانەی ئێران لە دژی عێراق بەكاری هێناوە، ئەوە بووە لە وەرزی گەرمادا هەندێك جار كارەبای عێراق بپچڕێنێت، بەڵكو ناڕەزایەتی خەڵك زیاتر ببێت و عێراقیش لە بەرانبەردا چارەی نەبووە جگە لەوەی گوێ بۆ هەندێك لە داواكارییەكانی ئێران شل بكات.

عێراق لە هەوڵدایە پەرە بە بەرهەمهێنانی گاز و كارەبا بدات، بەڵام هێشتا سەركەوتوو نەبووە و بەشێك لە پێداویستییەكانی لە ئێران دابین دەكات.




وشە - سلێمان تاشان