خراپیی لوولەكان و زێدەڕۆیی پڕۆژەكان هۆكاری سەرەكی بەردەوام پچڕانی ئاوی هەولێرە

:: PM:03:26:06/04/2021 ‌
بۆڕی ئاوی ئیفرازی هەولێر، ناوەناوە دەشكێت و بەهۆی ئەوەی كە بەشێك لە گەڕەكەكانی هەولێر پشت بە ئاوی ئیفراز دەبەستن، لە ماوەی رابردوودا تووشی بێ ئاوی بوون. تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا دووجار بۆڕیی ئاو شكاوە و ئەمەش دۆخێكی نالەباری بۆ دانیشتووانی رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هێناوەتە كایەوە و ناچار بوون لە بازاڕ بە تانكەر ئاو دابین بكەن.

لە هەولێر سێ پڕۆژەی ئیفراز هەیە كە یەكێكیان لە ساڵی 1968 تەواو بووە، دووەمیان لە ساڵی 1983ەوە تەواو بووە، پڕۆژەی ئیفراز 3 لە ساڵی 2006دا 60% ی تەواو بوو و لە 2016دا 40%ەكەی تریش تەواو بوو، ئێستە هەرسێ ئیفراز بە توانای 100% كار دەكەن. 

كێشەكە زیاتر لە ئاوی ئیفراز سێ هاتووەتە كایەوە و هیچ پێوەندییەكی بۆ كۆنی لوولەكانی گواستنەوەی ئاو نییە بەڵکوو کێشە لە کوالێتیدا هەیە هەرچەندە هاووڵاتیانیش لە شکاندنیان بەهۆی زێدەڕۆیی رۆڵ دەبینن.

ئەو پاڵەپەستۆیە یان بەركەوتنەی بۆ سەر لوولەكان دێتە كایەوە، دەبێتە هۆی شكاندنیان.


دڵزار محەمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا، زۆربەی حاڵەتەكانی شكاندنی هێڵی گواستنەوەی ئاوی هەولێر، پێوەندی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان چ لە لایەن هاووڵاتییان و چ لە لایەن كۆمپانیاكان هەیە، ئەو پاڵەپەستۆیە یان بەركەوتنەی بۆ سەر لوولەكان دێتە كایەوە، دەبێتە هۆی شكاندنیان.

ئەو یەكێكی تر لە هۆكارەكان بۆ كوالێتی لوولەكانیش دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، لەو جۆرە نەبووە جێی دڵخوازی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بێت، ئەوكات لەبەر هەندێك هۆكاری جیاوازی دارایی، هەوڵ دراوە هەر بەو لوولانە پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت كە كوالێتییان زۆر بەرز نەبووە.

پێویستە بگوترێ دوو هێڵەكەی تری گواستنەوەی ئاوی ئیفراز یەك و ئیفراز دووی هەولێر، بە پێچەوانەی نوێیەكە كێشەیەكی ئەوتۆیان نەبووە، هەرچەندە بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی دا هەندێك جار شكان لە لوولە كۆنەكانیش رووی داوە.

 بەپێی ئەو ستراتیجەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دانراوە‌، پلان ئەوەیە تەنیا سوود لە ئاوی سەرزەوی وەرگیرێت چ بۆ خواردنەوە چ بۆ بەكارهێنانی بۆ باخچە و پاركەكان.
شكانی ئەو بۆڕییە كۆنانەش ئەو پێویستییەی هێناوەتە كایەوە لە پڕۆژەكانی داهاتوو گرنگی زیاتر بە كوالێتی لوولەكان بدرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی نوێی دابینكردنی ئاوە بۆ هەولێر كە بەهۆیەوە سەرجەم بیرەكان دادەخرێن، شكانی ئەو بۆڕییە كۆنانەش ئەو پێویستییەی هێناوەتە كایەوە لە پڕۆژەكانی داهاتوو گرنگی زیاتر بە كوالێتی لوولەكان بدرێت.

بەپێی ئەو دیزاینەی بۆ ئەم پڕۆژە نوێیە كراوە، لە هەر سەعاتێكدا 25 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت كە لە شەو و رۆژێكدا دەكاتە 600 هەزار مەتر سێجا. توانای ئەمە یەكسانە بە هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز و سەرجەم ئەو هەزار و 180 بیرەی كار دەكەن.

 بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، تەواوی هەولێر تا دەگاتە پشتێنەی سەوز، ئاوی خواردنەوە و باخچەكانی پێ دابین دەكرێت و چیتر پشت بە ئاوی ژێر زەوی نابەسترێت.

 ئەوەی ئێسته لە پڕۆژەكانی ئیفراز بەكار دەهێنرێت، زیاتر بۆ ناوەوەی 120 مەترییە و حكوومەت نەیتوانیوە بۆ دابینكردنی ئاوی دەرەوەی بازنەی 120 مەتری، سوود لە ئاوی پاڵاوتووی ئیفراز وەربگرێت و بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار، تەواوی كۆمەڵگە و گوند و شارەدێیەكانی وەك پیرزین، بەحركە، شاوێس، دارەتوو، سێبیران، كانی قرژاڵە و سەرجەم گەڕەكەكان ئاویان بۆ دابین دەكرێت.

95% ی دیزاینی پڕۆژەكە تەواو بووە و پەسندیش كراوە


پێشتر ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، بۆ "وشە" جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیەی ئاشكرا كردبوو كە 95% ی دیزاینی پڕۆژەكە تەواو بووە و پەسندیش كراوە.

پڕۆژەكە لە لایەن كۆمپانیایەكی راوێژكاری، هەموو بابەتەكانی وەك گواستنەوە و كۆگاكردنی ئاو و چۆنیەتی گرێدانی تۆڕەكان بە یەكتر 100% تەواو بووە، هەندێك خاڵ ماوە كە لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە ئەوانیش تەواو دەكرێن. ئەو گوتبووی لەگەڵ پڕۆژەی ئاوەڕۆی سلێمانی بە یەك پاكێج جێبەجێ دەكرێن كە یەك ملیار و 260 ملیۆن دۆلار گوژمەیەتی. ئەوەی هەولێر 860 ملیۆن دۆلاری پێویستە.

"وشە" لەسەر پرسی بەردەوام شكانی هێڵێكی ئاوی ئیفراز سێ و رێكارەكان بۆ كۆتاهێنان بەو دیاردەیە و دووبارە نەبوونەوەی كێشەكە لە پڕۆژەكانی داهاتوو، پێوەندی بەو بەڕێوەبەرە كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.


وشە - سلێمان تاشان