مانگانە تەنیا لە برنجی بایەعی بە ملیۆنان دۆلار گەندەڵی دەكرێت

:: PM:03:38:29/07/2021 ‌
لە عێراق ئاستی گەندەڵی ئەوەندە زۆر و بەرفراوانە، رۆ چووەتە ناو زۆربەی داودەزگاكانی حكوومەت و هەرجارە و جۆرێك گەندەڵیی ئاشكرا دەبێت. ئەگەر وردبینی بۆ بكرێت بە دەیان ملیۆن دۆلار لە بودجەی حكوومەت  و سامانی خەڵك دەدزرێت بێ ئەوەی هەستی پێ بكرێت و هیچ كەسێك لەسەری سزا بدرێت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، لە چەدند بریكارێكی دابەشكردنی خۆراك سەلمێنراوە، ئەو فەردە برنجانەی كە بە فەردەی 50 كیلۆیی ناسراون و بۆ بریكارەكانی خۆراك دەنێردرێن، نزیكەی دوو كیلكۆگرامیان كەمە. لەو شوێنانەی فەردە برنجەكان تاقی كراونەتەوە كێشی هەر كامێكیان 48 كیلۆگرام دەرچووە و تەنانەت بە ڤیدیۆش بەڵگەكە خراوەتە ڕوو.

لەسەر فەردەكان نووسراوە 50 كیلۆ و 150 گرام و بە قسەی خۆیان حیسابی ئەوەیان كردووە كێشی گونییەكەش قەرەبوو بكەنەوە و دادپەروەری خۆیان لە دابەشكردنی خۆراك بسەلمێنن، بەڵام راستییەكەی بەم شێوەیە نییە و ئەوانەی لە سەرەوە لە ئاستی وەزارەتی بازرگانی خۆراكەكە دابەش دەكەن، بە كەمكردنەوەی گرامێكیش لە یەك فەردە، ئەوا لە هەزار فەردە كیلۆیەكیان دەست دەكەوێت، چ بگات بەوەی كە لە هەر فەردەیەك دوو كیلۆگرام كەم بكرێتەوە كە لە هەزار فەردەدا دوو تۆن برنجیان دەست دەكەوێت.

لە عێراق خۆراك بەسەر 38 ملیۆن كەسدا دابەش دەكرێت


لە عێراق خۆراك بەسەر 38 ملیۆن كەسدا دابەش دەكرێت و بۆ هەر كەسێكیش مانگانە سێ كیلۆگرام دەستنیشان كراوە. بەو پێیە مانگانە وەزارەتی بازرگانی عێراق 114 ملیۆن كیلۆگرام یان بە واتایەكی تر 114 هەزار تۆن برنج دابەش دەكات.

ئەو بڕە برنجە دەكاتە دوو ملیۆن و 280 هەزار فەردە و ئەگەر لە هەر فەردەیەك دوو كیلۆگرام فێڵ بكرێت، ئەوا چوار ملیۆن و 560 هەزار كیلۆ برنج دەدزرێت كە دەكاتە چوار هەزار و 560 تۆن.

عێراق بۆ دابینكردنی خۆراك لەسەر بودجەی گشتی، ئەو برنجە لە دەرەوەی وڵات دەكڕێت و لانی كەم هەزار دینار بە هەر كیكۆگرامێك دەدات. ئەو برنجە دزراوە بەو بڕە پارەیە دەكاتە چوار ملیار و 560 ملیۆن دینار.

ئەگەر بۆ هەر 12 مانگی ساڵ لێك بدرێتەوە، ئەوا دەكاتە نزیكەی 37 ملیۆن دۆلار.


ئەمەش ئەگەر بكرێتە دۆلار، دەكاتە سێ ملیۆن و 60 هەزار دۆلار و بە زمانە بازاڕییەكە 360 دەفتەر دۆلاری دەست دەكەوێت. ئەوە ئەگەر بۆ هەر 12 مانگی ساڵ لێك بدرێتەوە، ئەوا دەكاتە نزیكەی 37 ملیۆن دۆلار. ئەگەر تەنیا ئەم دزییە نەكرێت، ساڵانە بە پارەكەی دەتوانرێ لانی كەم 500 مێگابایت كارەبا بۆ خەڵكی عێراق دابین بكرێت.

ئەم دزییە تەنیا لە یەك جۆر خۆراك دەكرێ و لەوانەیە بەشێك لە خوێنەرانی راپۆرتەكە پێیان وابێت ناكرێ تەواوی فەردەكان كەمتر لە 50 كیلۆگرام بن.

خۆ ئەگەر گریمانە بكەین سێ بەشی فەردەكان تەواو بن و تەنیا بەشێكی فێڵی تێدا بكرێت، هێشتا 90 دەفتەر دۆلار بە بێ ئارەقە رشتن دەچێتە گیرفانی گەندەڵكارانەوە.

لەوانەیە ئەو پرسیارەش بكرێت كە بەشێك لەو زیانە بەر بریكارەكانی خۆراك دەكەوێت، كاتێك دوای دابەشكردنی بەشە برنجی مانگانە، بۆیان دەردەكەوێت ئەو برنجەی بۆیان هاتووە بەشی خەڵكی نەكردووە.

كەمتر هەستیان بەوە كردووە فەردە برنجەكان كەمیان هەبێت یان نا.


بەشێك لە هاووڵاتییان كە برنجی بایەعی وەرناگرن، برنجەكە بۆ بریكارەكە دەبێت، بەڵام بێ ئەوەی بریكارەكەش هەستی پێ بكات، وەرنەگرتنی برنج لە لایەن بەشێك لە هاووڵاتییانی دەستڕۆیشتوو ئەو كورتهێنانە لە كێشی برنج پڕ دەكاتەوە، بۆیە هاووڵاتییان كەمتر هەستیان بەوە كردووە فەردە برنجەكان كەمیان هەبێت یان نا.



وشە - سلێمان تاشان