ئاردی ئەم مانگە زۆر باشە و دەست بە دابەشكردنی كراوە

:: AM:11:04:28/08/2021 ‌
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی دانەوێڵەی سلێمانی دەستی بە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان كردووە، ئاردەكەش كوالێتی زۆر باشە و كاریگەری لەسەر نرخی ئاردی بازرگانی دەبێت.

ماوەی رابردوو، نرخی ئارد لە بازاڕەكاندا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەوە، ئەوەش نیگەرانی لای نانەوا و سەموونخانەكان دروست كرد و هەوڵیان دا نرخی نان گران بكەن، بەڵام لایەنە پێوەندیدارەكان رایان گەیاند هەر نانەوا و سەموونخانەیەك نرخی نان گران بكات، سزا دەدرێت.

نەسرین محەمەد بەڕێوەبەری دابەشکردنی دانەوێڵەی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەمەوە دەستمان بە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان كردووە، لە دەرەوەی شار و ناو شار پرۆسەكە بەردەوامە.

ئەوەشی گوت، بەشە ئاردی ئەمجارە زۆر باشە، بۆ نانكردن زۆر گونجاوە و كێشەی نییە. ئەو داوای لە هاووڵاتییان كرد بەكاری بهێنن بۆ نان. نوێنەری نانەواكان خۆیان لە نزیكەوە سەردانی ئاشەكانیان كرد و بینییان كە ئاردی ئەم مانگە نانی جوانی لێ دەردێت و دەیانەوێ لەو ئاردە بۆ نانكردن بكڕن.

داواشی كرد هاووڵاتییان نەكەونە دوای قسەی بازرگانان


وەك زیاتر خستیەڕوو، دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگانە كاریگەری لەسەر نرخی ئاردی بازرگانی دەبێت، داواشی كرد هاووڵاتییان نەكەونە دوای قسەی بازرگانان و ئاردی ئەم مانگە بەكار بهێنن.

هاوكات سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو ئاردەی دابەش كراوە لە نزیكەوە سەردانی شوێنەكانیان كردووە، بۆیان دەركەوتووە بۆ نان زۆر گونجاوە. هەر بەم هۆیەوە ئاردی بازرگانیش نرخەكەی دادەبەزێت.

نرخی یەك فەردە ئاردی بازرگانی كە نانەوا و سەموونخانەكان بەكاری دەهێنن، لە 25 هەزار دینارەوە بۆ 40 هەزار دینار گران بوو، لە كاتێكدا نرخی ئەو ئاردەی لە بەشە خۆراكدا دابەش دەكرێت، لە بازاڕدا لە نێوان 10 بۆ 12 هەزار دینارە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - سلێمان تاشان