تەندەری پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر رادەگەیەنرێ

:: PM:01:25:14/09/2021 ‌
ھەفتەی داھاتوو تەندەری پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر رادەگەیەنرێ كە لەسەر پارەی قەرزی ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێت، كۆمپانیایەكی بیانی بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای ناوخۆیی بەشداری تێدا دەكەن.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بڕیارە هەفتەی داھاتوو لە رێوڕەسمێكدا بەئامادەبوونی میدیاكان، تەندەری پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر رابگەیەنن. پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەمدا 300 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە .

یەك لەسەر ھەشتی پڕۆژەكە دەبێ لە قۆناغی یەكەم جێبەجێ بكرێت


وەك زیاتر خستیەڕوو، یەك لەسەر ھەشتی پڕۆژەكە دەبێ لە قۆناغی یەكەم جێبەجێ بكرێت، پارەكەش لەسەر قەرزی ژاپۆنییە و پێویستە لە ماوەی نزیكەی 36 مانگ تەواو بكرێت. پڕۆژەكە جگە لە گرنگییەكەی، ھەلی كار دەڕەخسێنێت. پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای بیانی جێبەجێ دەكرێ، بەڵام كار بەكۆمپانیاكانی هەرێمیش دەكەن .

"داواكارییەكەمان خستەڕوو بۆ ناساندنی پڕۆژەكە و دواتر 100 كۆمپانیای ژاپۆنی ھاتنە پێش، بۆیە كە تەندەر راگەیەنرا، ئەوكات دیار دەبێت بۆ كامە كۆمپانیا دەبێت." ئاری ئەحمەد وای گوت.

بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتی ئاو،  بەهۆی ئەو پڕۆژەیە كێشەی كەمیی ئاویش چارەسەر دەكرێت، چونكە ئەو ئاوەی ھەیە لە ئاوەڕۆكەوە دەچێتە كەندی ھەولێر و كاریگەری خراپی ھەیە لەسەر ژینگە، بۆیە ئەو ئاوە جارێكی تر بەرێژەی 98% پاك دەكرێتەوە و بۆ پارك و سەوزایی و كشتوكاڵ و پیشەسازی بەكار دێتەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی بۆ ئاوی ژێرزەوی و ئاوی تر .

هەولێر/بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان