هه‌فته‌یه‌كی تر له بازاڕی بۆرسه كۆتایی هات و نرخی نه‌وت به به‌رزترین نرخ داخرا كه له دوو مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرابێت.
جگه له رۆژی یه‌كه‌می هه‌فته كه كه‌مێك نرخی نه‌وت دابه‌زی، له سه‌رجه‌م رۆژه‌كانی تری هه‌فته‌ی رابردووی بازاڕی بۆرسه، نرخی نه‌وت هه‌ڵكشانی تۆمار كرد.
به‌گوێره‌ی
dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت به 86 دۆلار و 34 سه‌نت ده‌فرۆشرێت، به‌راورد به سه‌ره‌تای هه‌فته‌كه زیاتر له پێنج دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه. هاوكات نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش له 78 دۆلار و 50 سه‌نته‌وه بۆ 84 دۆلار و 39 سه‌نت هه‌ڵكشاوه.
پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه رووسیا هێرش بكاته سه‌ر ئۆكراینا
نوێترین هۆكاری هه‌ڵكشانی نرخی نه‌وت بۆ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له یه‌كتری ده‌كه‌ن، پێشبینی ئه‌وه له ئارادایه رووسیا هێرش بكاته سه‌ر ئۆكراینا و ئه‌مه‌ریكاش هۆشداری به رووسیا داوه هه‌نگاوی له‌م شێوه‌یه نه‌نێت.
هۆكارێكی تری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ كه‌متربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی كاریگه‌رییه‌كانی ئۆمیكرۆن له‌لایه‌ك و دابه‌زینی قه‌باره‌ی نه‌وتی كۆگاكراوی ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌كی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌گوترێ قه‌باره‌ی ئه‌و جۆره نه‌وته له‌م هه‌فته‌یه‌دا زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل دابه‌زیوه.
سه‌ره‌تای ساڵی 2020 له ژێر كاریگه‌ری كۆرۆنا نرخی نه‌وت تا خوارووی سفر دۆلاریش دابه‌زی، دواجار وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت ناچار بوون به‌رهه‌مهێنان دابه‌زێنن و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش تا ئێسته درێژه‌ی هه‌یه.