زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە کوردستان

:: PM:04:17:23/03/2017 ‌
 
ئەمساڵ بۆ ڕۆژانى نەورۆز، زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە هەرێمى کوردستان و بەپێى ئامارەکانى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێم، بەراورد بە ساڵانى ڕابردوو، زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە هەرێم لە کاتێکدا ساڵى ڕابردوو 110 هەزار گەشتیار هاتبوون.
 
نادر ڕۆستایى گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزارى کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەم بە"وشە"ى ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى ڕابردوو ڕۆژانى نەورۆز، زۆرترین گەشتیار هاتوونەتە کوردستان و بەپێى ئامارەکانى ئێمە ڕێژەکە زۆر بەرزبووەتەوە.
 
رۆستایی ئەوەشى گوت "ساڵى ڕابردوو لە ڕۆژانى نەورۆز بۆ هەموو هەرێمى کوردستان 110 هەزار گەشتیار هاتبوون، بەڵام ئەمساڵ زۆرتر بووە بە ڕێژەى بەرچاو، سەرجەمى ئەو گەشتیارانەش عەرەب و ئێرانى و ناوچەکانى دیکە بوون کە هاتوون" بەڵام هیچ ژمارەیەکی لانەبوو، لێدوانەکەی زۆرتر خەمڵاندنە.
 
لاى خۆیەوە ئارام شوانى بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى گەشتوگوزارى سلێمانى، بە"وشە"ى گوت، لە ڕۆژى 15ى ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ پێنجشەم، زیاتر لە 43 هەزار و 500 گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگاى سلێمانى، لە کاتێکدا ساڵى ڕابردوو 27 هەزار گەشتیار هاتبوون.
 
ئەوەشى گوت، سەرجەمى ئەو گەشتیارانەى هاتوونەتە سلێمانى، ئێرانى و عەرەبى ناوچەکانى خواروو و ناوەڕاستی عێراقن، بە جۆرێک کە ڕێژەى هاتنى ئێرانى 50% بووە و ڕێژەى هاتنى گەشتیارى عەرەب لە 50% بووە و بە دەر لەوانە، گەشتیارى دیکە نەهاتوون.

روونی کردەوە کە بەشى زۆرى گەشتیاران لە سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران و بازگەکان لەگەڵ عێراق هاتوون بۆ سلێمانی.
 
هاتنى گەشتیار بۆ هەرێمى کوردستان کاریگەریى دەبێت لە ڕووى ئابووریەوە، چونکە هاتنى گەشتیار هۆى سەرەکییە بۆ جوڵەى بازاڕ. لە کاتێکدا ماوەی سێ ساڵە کوردستان بە تەنگژەی داراییدا تێپەڕ دەبێ.
 
سلێمانى/ هۆشیار عەلى



وشە - ڕێبین فه‌تاح