رزگاركردنی مووسڵ سوود بە ئابووریی كوردستان دەگەیەنێت

:: PM:03:50:22/10/2016 ‌

ئەگەر مووسڵ رزگار بكرێت، ئەوا بە بۆچوونی ئابووریناسان ئابووریی هەرێمی كوردستان دەگەشێتەوە. لە دووشەمەوە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ دەستی پێ كردووە و لەو ماوەیەدا پێشمەرگە سەركەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە و توانیویەتی بە دەیان كیلۆمەتر پێشڕەوی بكات. هاوپەیمانان پاڵپشتی ئەو شەڕە دەكەن و ئامانجەكەش ئەوەیە مووسڵ بە یەكجاری رزگار بكرێت و ئاسایش و ئارامی بگەڕێنرێتەوە پارێزگای نەینەوا و سەرجەم ناوچەكانی عێراق.

ئەوەی ئابووریناسان پێداگری لەسەر دەكەن، ئەوەیە رزگاركردنی مووسڵ بە واتای نەمانی ترس و دڵەڕاوكێ و دەستپێكردنی جووڵەی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەیە و هەمووی ئەوانەش كاریگەرییان بۆ سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە مووسڵ دراوسێی هەرێمی كوردستانە.

دكتۆر محەمەد سەلمان پسپۆڕی ئابووری بۆ "وشە" گوتی، یەكێك لە گرنگترین كاریگەرییەكانی رزگاركردنی مووسڵ ئەوەیە بەشێكی بەرچاو لە خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان كە پێشتر بۆ بواری سەربازی و چەكوچۆڵ تەرخانی دەكرد، كەم دەبێتەوە.

ئەو باسی لەوەش كرد پارێزگای نەینەوا دوای رزگاربوونی راستەوخۆ كاریگەریی بۆ سەر گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەبێت و ئەو یارمەتییە دارایییانەی كە بەو شارە دەكرێن بەمەبەستی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، ئەوا كوردستان دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت. سوودوەرگرتنەكەش خۆی لە هەناردەكردنی هەندێك بەرهەم و لە هەمان كاتدا گواستنەوەی بازرگانیدا دەبینێتەوە. یەكێكی تر لەو كاریگەرییانە بریتییە لە خوڵقاندنی دەرفەتی كار لە ناوچەكەدا.

بە بۆچوونی دكتۆر محەمەد سەلمان لەوانەیە تا نزیكەی پێنج ساڵ كوردستان سوودێكی زۆر ببینێت، بەڵام دوای ئاوەدانبوونەوەی شارەكە، مووسڵ رۆڵی ركابەریی دەبێت  و هەروەك چۆن لە رابردووشدا مووسڵ لە رووی ئابوورییەوە ركابەریی هەولێری كردووە.

ئەو دەڵێت سوودە ئابوورییەكەی رزگاركردنی مووسڵ تەنیا بۆ كوردستان نییە، بەڵكو بۆ توركیا و وڵاتانی تریشە چونكە ئەوان ژێرخانی ئابوورییان بەهێزە و دەتوانن بازاڕێكی نوێ بۆ بەرهەمەكانیان بدۆزنەوە.

لە لایەكی ترەوە لوقمان عوسمان پسپۆڕی بانك و گەشەپێدانی ئابووری بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو كە دوای ئەوەی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ مووسڵی داگیر كرد، ئابووری ئەو شارە بە تەواوی داتەپا و پێوەندییەكانی لە رووی ئابوورییەوە لەگەڵ دنیای دەرەوەی پچڕا.

بە گوتەی ئەو سپۆڕە دوای رزگاركردنی مووسڵ ئەگەر لە رووی سیاسییەوە پێوەندییەكی پتەو لە نێوان كوردستان و شارەكە بێتە كایەوە، ئەوا راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر پێوەندیی ئابووریش دەبێت و شارەكە دەبێت بە بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی زۆرێك لە بەرهەمەكانی كوردستان.

ئەو گوتی، هەرێمی كوردستان جگە لەمە سوودی گواستنەوەی بازرگانیشی پێ دەگات و ئەو بەرهەمانەی كە پێشتر لە ئێران و توركیاوە بۆ پارێزگاكە دەگوازرانەوە، دیسان هەر لە هەرێمی كوردستان دەگوازرێنەوە و تیایدا هەرێمی كوردستان سوودمەند دەبێت.

یەكێك لە كاریگەرییەكانی تری رزگاركردنی مووسڵ بۆ سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان بە بۆچوونی ئەو ئابووریناسانە، ئەوەیە وڵاتانی دنیا  و كۆمەكبەخش لە رووی دارایی بۆ مەبەستی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە پارەیەكی زۆر تەرخان دەكەن كە بەشێك لەو پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەگوازرێتەوە لە رێگەی دابینكردنی بەرهەمەوە بێت یان بەگەڕخرانی كۆمپانیا پێوەندیدارەكانەوە.

شاری مووسڵ كە بە دووەم شاری گەورەی عێراق هەژمار دەكرێت، دراوسێیەكی نزیكی كوردستانە و هەر لە كۆنەوە پێوەندی بازرگانی و ئابووری مووسڵ و شارەكانی هەرێمی كوردستان بەهێز بووە و هەردوولا سوودیان لە یەكتر بینیوە.

هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تووشی تەنگژەی دارایی بووە و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە دەبێتە دەرفەتێكی زێڕین بۆ هەرێمی كوردستان تا تەنگژەی دارایی تێپەڕێنێت.


وشە - سلێمان تاشان