ڕۆژی یەكشەم پارە دابەش دەكرێ‌

:: AM:11:00:13/05/2022 ‌
بڕیارە ڕۆژی یەكشەم دەست بكرێت بە دابەشكردنی ئەو پارەیەی حكوومەتی عێراق بۆ جووتیاران ناردوویەتی بۆ هەرێمی كوردستان، لە ئەنجامی گرانبوونی نرخی گەنم بڕیاری لەسەر درابوو.
 
مانگی ئاداری ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم بدات بەو جووتیارانەی گەنمیان رادەستی عێراق كردووە، ئێستە ئەو پارەیە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان، بڕیارە ڕۆژی یەكشەم دەست بكرێت بە دابەشكردنی.

ئەمڕۆ هەینی 13ـی ئایار، لە ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی رانیە هاتووە، ڕۆژی یەكشەم لە سایلۆ دەست دەكرێت بە دابەشكردنی چەكی ئەو پارەیەی كەوەك پاداشت بۆ هەر تۆنێك بڕی 50 هەزار دینار دیاری كراوە.

روون كراوەتەوە، پێویستە جووتیار ناسنامەی باری شارستانی یان كارتی نشتمانی لەگەڵ ئەو نووسراوەی پێی دراوەتەوە پێبێت، هەروەها ئەگەر گەنمەكە بەناوی خۆی داخڵ نەكرابوو پێویستە وەكالەتی پێ بێت.

دابەشكردنی ئەو پارەیە بۆ گەنمی ساڵی 2021 جووتیارانە كە حكوومەتی عێراق بڕیاری لێ‌ داوە.



وشە - رامیار جەواد