بەپێی گوتەی پەرلەمانتارێكی هەرێمی كوردستان، نیوەی زیاتری بیرە نەوتییەکانی تەقتەق وشكی كردووە و ئەگەری وشکبوونی تەواوی نەوتی سنوورەكەش دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی ئاداری2017، عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، لە ئێستەدا لە كۆی 20 بیرە نەوت، زیاتر لە 10 بیریان وشكی كردووە و ئەوەشی ماوەتەوە بەزۆر نەوتی لێ دەردەهێنرێت.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، ئەم كێڵگەیە رۆژانە 140 هەزار بەرمیلی نەوتی لی دەردەهێنرا، بەڵام ماوەی ساڵێكە بەردەوام لە دابەزیندایە بە هۆی فشار خستنەسەری زۆری بیرەكان.
عەباس فەتاح ئاماژەی دا، پێشتر هەموو لایەنی پێوەندیدارمان ئاگەدار كردووەتەوە بۆ هەوڵی كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر ئەم كێڵگەیە، بەڵام هیچ نەكرا.
ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان گوتی، ئێستە رۆژانە تەنیا 18 هەزار بەرمیل داهاتی بیرە نەوتەكانی تەقتەقە و چاوەڕوان دەكرێت لە چوار مانگی داهاتوو كۆتا بە بەرهەمەكانی بێت.
كۆمپانیای تەقتەق بۆ نەوت كار لەسەر كێڵگە نەوتییەكانی گوندەكانی شیواشۆك و چەند گوندێكی تر دەكات و ماوەی چەند ساڵێكە بەتانكەر و بەبۆڕی نەوت هەناردە دەكەن.
بۆ یه‌كه‌م جار له ساڵی ١٩٥٨ نه‌وت له كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق دۆزراوه‌ته‌وه و له ساڵی ١٩٩٣ له‌سه‌ر ده‌ستی شاره‌زایانی كورد كاری تێدا كرا و ماوه‌یه‌ك نه‌وتی لێ ده‌رهێنرا، دواتر شه‌ڕی ناوخۆ به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی راگرت و له ساڵی ١٩٩٩ دووباره ده‌ست به به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌یه كرایه‌وه و له دوای رزگاربوونی عێراقیش په‌ره‌ی زیاتر به كێڵگه‌كه درا.