حكوومەتی عێراق پابەندی دانی پارەی جوتیارانی كوردستان دەكرێت

:: PM:06:01:30/03/2017 ‌
پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕیارێك دەدات بۆ پابەندكردنی حكوومەت بۆ خەرجكردنی پارەی جوتیارانی كوردستان بەهاوشێوەی جوتیارانی پارێزگانی تری عێراق و پەرلەمانتارێكی كوردیش داوای بەپەلە جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكات.

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیشتنی 21ی ئاسایی خۆی بە سەرۆكایەتی سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمان و ئامادەبوونی 184 پەرلەمانتار ساز كرد و بڕیار بوو چەند باسێكی گرنگی تیادا تاوتوێ بكرێت لەوانە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك و دۆخی شنگال و رفێندراوە سوننەكان و هیتریش.

بەپێی سەرچاوەیەك پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێك داوە كە حكوومەتی عێراق پابەندی خەرجكردنی پارەی جوتیارانی هەرێم بە هاوشێوەی جوتیارانی پارێزگاكانی تر دەكات، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری حكوومەت تایبەت بە كەمكردنەوەی نرخی وەرگرتنی بەرووبوومە كشتوكاڵییەكان لە گەنم و جۆ.  

ئەشواق جاف پەرلەمانتاری كورد ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا پێشوازی لەو بڕیارەی پەرلەمان كرد كە حكوومەت پابەندی دانی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم بەهاوشێوەی جوتیارانی پارێزگاكانی تری عێراق دەكات. 

زیاتر گوتی، دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر بەو بڕیارە گەیشتین و ئێستەش حكوومەت پێویستە بەپەلە بڕیارەكە جێبەجێ بكات بۆ دانی پارەی جوتیارانی هەرێم و دووپاتی كردەوە كە هەروەها بڕیارەكە باس لە پێویستی دانی تەواوی پارەی جوتیارانی عێراق بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و ئەوەشی لە 2016 ماوەتەوە لە ماوەی تا 30ی نیسانی داهاتوودا.

جاف روونی كردەوە كە بڕیارەكەی پەرلەمان لە دوای بڕیارێكی حكوومەتی عێراق هات بە دابەشكردنی رێژەی 80%ی پارەی گەنمی جوتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و رێژەی 37%ی پارەی جوتیارانی كوردستان، كە ئەوەش پێچەوانەی دەستوورە بەوەی هەموو عێراقییەكان لە ئەرك و مافدا یەكسانن.

 سەرچاوە: سكای پرێس


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل