هه‌ولێر.. گۆڕانكاری له‌ نرخی ئه‌مپێری كاره‌با ده‌كرێت

:: PM:06:08:30/03/2017 ‌
لیژنەی مۆلیدە ناحكوومیەكانی شاری هەولێر بڕی كرێی كارەبای بۆ شاری هەولێر دیار كرد و بۆ هەر ئەمپێرێك بڕی نۆ هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت بۆ مانگی نیسان.

ئەمڕۆ پێنجشەم قارەمان مەولوود سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ناحكوومیەكان لە پارێزگای هەلێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نرخی ئەمپێرێكی موەلیدە ناحكوومیەكان  بۆ مانگی نیسان لە پارێزگای هەولێر دیاریكرا، بۆ هەر ئەمپێرێكی كارەبا بڕی نۆ هەزار دینار لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.

لەبارەی خشتەی پێدانی كارەبا لەمانگی نیسان سەرۆكی لیژنەی مۆلیدە ناحكوومیەكان دەڵێت، لە سەعات دووی نیوەڕۆ تاوەكو 12 شەو كارەبای نیشتمانی ببڕێت پێویستە خاوەن مۆلیدە مۆلیدەكانیان پێبكەن.

دوێنی چوارشەم قائیمقامیەتی سلێمانی نرخی كارەبای مانگی ئاداری دیاری كرد و نرخی سەعاتێك كارەبا ئەمپێری مۆلیدەی ناحكوومی  بە 45 دینار و نیوە كە بەپێی نرخی گازوایل لە بازارەكاندا و لە كۆتایی مانگ نرخی ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە دیاری دەكرێت، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك ٢٥٠ سەعات كاری كردبێت ئەوا بڕی 11 هەزار و 500 دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێك.

قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات، بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ناحكوومیەكان بۆ مانگی نیسان مانگی چوار لە سەعات ٢ی پاش نیوەڕۆ بۆ ١ی شەو دەدرێت بە هاووڵاتیان.


بەهۆی زۆری خواست لەسەر كارەبا لە وەرزی هاوین و زستان پێدانی كارەبا نیشتمانی كەم دەبێتەوە ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی بۆ گەرم كەرەو لە زستان و ئامێرێكانی فێنك كەرەوە لە هاوین.


وشە - رامیار جەواد