بەرهەمی نەوتی عێراق و كوردستان بەیەكەوە چەندە

:: PM:03:47:23/10/2016 ‌

فەیاز نیعمە جێگری وەزیری نەوتی عێراق رای گەیاند كە بەرهەمی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئەیلوولی رابردوو بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە، گەیشتووەتە 4.774 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

نیعمە لە بەغدا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند كە بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كێڵگەكانی عێراق سەر بە حكوومەتی بەغدا، گەیشتووەتە 4.228 ملیۆن بەرمیل و بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كێڵگەكانی هەرێمیش گەیشتووەتە 546 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. 

لای خۆیەوە فەلاح عامری سەرۆكی كۆمپانیای سۆمۆ رای گەیاند كە كۆی هەناردنی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئەیلوول بە نەوتی هەرێمی كوردستانیشەوە، گەیشتووەتە 3.871 ملیۆن بەرمیل و دووپاتی كردەوە كە عێراق بەرهەمهێنانی نەوت كەم ناكاتەوە.

دووپاتی كردەوە كە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت 4.7 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕ كردووە، لای خۆیەوە عەبدولجەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند كە پێویستە وڵاتەكەی لە سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پڕكردنەوەی خەرجی جەنگی دژ بەتیرۆر چاوپۆشی لێ بكرێت. 

نەوت تاكە سەرچاوەی داهاتی عێراقە كە بودجەكەی بەپلەی یەك پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، لەو كاتەی پێشتر عێراق بێجگە لە نەوت كشتوكاڵ و سامانی ئاژەڵ و چەندان پیشەسازی هەبووە، كە بەپێی شارەزایانی بواری نەوت ئەگەر عێراق ئەو جەنگانەی نەكردبایە لە هەشتاكان و نەوتەكانی سەتەی رابردوو، ئێستە بەرهەمی رۆژانەی خۆی لە نۆ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دەدا.

سەرچاوە: شەفەق نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل