نرخی برنج بەرز دەبێتەوە

:: PM:06:55:18/04/2017 ‌

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دەڵێت كە زۆرترین ئەو برنجەی دێتە هەرێمی كوردستان هیندستانییە و جۆری برنجەكان زۆر نین و تەنیا ناوەكەیان دەگۆڕێت، روونی دەكاتەوە كە بەرزبوونەوەی نرخی برنج لە بازاڕەكانی هەرێم پێوەندی بە دەرەوەی وڵاتەوە هەیە و ناتوانن نرخەكەی ڕابگرن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی بكەن.

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك لە جیهاندا، نرخی برنج بەرزبوونەوەی بەرچاوەی بە خۆیەوە بینیووە و بۆ هەر تەنێك برنج بڕی 600 دۆلاری ئەمەریكی بەرز بووەتەوە، ئەوەش بوەتە هۆكاری گرانی برنج لە بازاڕەكاندا.
 
سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نرخی برنج لە دەرەوەی وڵات بەرزبوونەوەی بەرچاوەی بە خۆیەوە بینیووە بە جۆرێك نرخی هەر تەنێك برنج لە %60 بەرز بووەتەوە، ئەوەش وای كردووە كە برنج گران بێت.
 
ئەوەشی گوت، بەرزبوونەوەی نرخی برنج پێوەندی بە نرخی خۆراك لە جیهاندا هەیە، لە ناو خۆراكەكانیشدا برنجێك یەكێكە لە مادە سەرەكییەكان، بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراك، نرخی برنجیش بەرز بووەتەوە.
 
غەفوور روونی كردەوە، نرخی هەر تەنێك برنج لە ڕابردوودا هەزار دۆلار بووە، بەڵام ئێستە نرخەكەی بۆ هەزار و 600 دۆلار بەرز بووەتەوە، واتە هەر تەنێك برنج 600 دۆلار گران بووە، بۆیە كە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، گرانتر دەبێت و دیاریش نییە تا كەی بەردەوام دەبێت و نرخەكەی دادەبەزێت.
 
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی ئاماژەی كرد، زۆرترین ئەو برنجەی كە دێتە هەرێمی كوردستان هیندستانییە و جۆری برنجەكانیش زۆر نین، تەنیا ئەوەندەیە ناوەكەیان دەگۆڕێت، لە رووسیا و تایلەند و میسر و ڤێتنام.
 
باسی لەوەش كرد، لەبەرئەوەی بەرزبوونەوەی نرخەكە پێوەندی بە دەرەوەی وڵاتە، ناتوانین نرخەكە ڕابگرین، یان ڕێگری لە بەرزبوونەوەی بكرێت.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل