کاتی دابەشکردنی مووچە لەسەر سیستەمی نوێ دیاری
کرا
ئەو كەسانەی ناوی خۆیان لەسیستەمی بایۆمەتری
موچەخۆران تۆمار کردوە، تائێستا 700 هەزار کەس ناوەكانیان تۆماری سیستەمی ئەلیكترۆنی
كراوە و رۆژانەیش 20 هەزار کەس ناویان دەکرێت بە ئەلیکترۆنی.
ھیوا ئەفەندی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەكنۆلۆجیای
زانیاری لەئەنجومەنی وەزیرانی بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، تائێستا ملیۆنێك و 90ھەزار كەس لەفەرمانبەرو موچەخۆری مەدەنی و سەربازی، خۆیان تۆماركردووەو رۆژانە 20ھەزار كەس ناوی دەكرێت بە ئەلیكترۆنی.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەكاتی تۆماركردنی فەرمانبەران و موچەخۆراندا، ناوەكان بەدەستی
لەسەر فۆرمی زانیاری نووسراوەو پاشان سكان كراوە، لەم قۆناغەدا ناوەكان و
زانیارییەكان داخڵی سیستمێكی ئەلیكترۆنی دەكرێت.
"لەئێستادا ٧٠٠ ھەزار
فەرمانبەر و موچەخۆر ناو و زانیارییەكانیان بە ئەلیكترۆنی كراوە و بۆ مانگی ئاب
ناوەكان و لیستی موچە لەسەر بنەمای تۆماری بایۆمەتری دەردەكرێت، ئەوەشی لەو
لیستەدا ناوی نەبێت و خۆی تۆمار نەكردبێت، موچەی نابێت"بەڕێوەبەری فەرمانگەی
تەكنۆلۆجیای زانیاری لەئەنجومەنی وەزیران وای گوت.
دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر فەرمانبەرێك لەوەزارەتێك
یان فەرمانگەیەكەوە بۆ وەزارەت و فەرمانگەیەكی دیكە گواسترایەوە، پێویستە
گواستنەوەی بایۆمەتری موچەكەشی بۆ بكرێت و ئاگادار بكرێینەوە.