به‌هۆی هاتنی گه‌رما و نه‌مانی خواست له‌سه‌ری، نرخی هێلكه له بازاڕه‌كاندا دابه‌زی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگان‌یش ده‌ڵێت، هه‌رزانبوونی هێلكه بۆ زۆری به‌رهه‌م و كه‌می خواست ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 16ی نیسان، سۆران ره‌حیم کە خاوه‌نی ماركێتێكی سلێمانییه، به "وشه"ی راگه‌یاند، نرخی هێلكه له بازاڕه‌كاندا هه‌رزان بووه، ئه‌م زستانه یه‌ك كارتۆن هێلكه به 60 تا 62 هه‌زار دینار بوو، به ناچاری پێنج هێلكه‌مان ده‌دا به هه‌زار دینار.
زیاتر گوتی، له زستاندا خواست له‌سه‌ر هێلكه زۆره و خه‌ڵك وه‌ك ژه‌می به‌یانیان به‌كاریده‌هێنن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وا به‌ره‌و گه‌رمی چوو، ئێسته خواستی زۆری له‌سه‌ر نییه و یه‌ك كارتۆن بۆ 40 هه‌زار دابه‌زیوه، حه‌وت هێلكه‌ش به هه‌زار دیناره.
نه‌وزاد شێخ كامیل به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی هه‌رێم، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌رزانبوونی هێلكه پێوه‌ندی به به‌رهه‌می زۆر و كه‌می خواست هه‌یه، به‌ره‌و هاوین ده‌چین خواست له‌سه‌ر هێلكه كه‌م ده‌بێته‌وه و نرخه‌كه‌شی داده‌به‌زێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی