رووسیا: هاوكارییەكانی ئەمەریكا بۆ ئۆكراینا و ئیسرائیل پاڵپشتییە لە تیرۆر

:: PM:01:29:21/04/2024 ‌
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا دەنگی لەسەر پڕۆژەیەك دا كە هاوكاریی دارایی و كەلوپەلی سەربازیی ئۆكراینا و ئیسرائیل و تایوان بكرێت. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لەوبارەیەوە رای گەیاندووە، ئەو هەڵوێستەی ئەمەریكا، تەنگژەكان قووڵتر دەكاتەوە و جۆرێكە لە پاڵپشتی لە تیرۆر.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ یەكشەم 21ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، لەڕێی "تیلیگرام"ەوە رای گەیاندووە، دابینكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكراینا و ئیسرائیل و تایوان لەلایەن ئەمەریكاوە، تەنگژەكە قووڵتر دەكاتەوە و جۆرێكە لە پاڵپشتیی لە تیرۆر.

زاخارۆڤا زیاتر دەڵێ، هاوكارییە سەربازییەكان بۆ رژێمی كیێڤ، راستەوخۆ بۆ چالاكییە تیرۆریستییەكانە. بۆ تایوانیش دەستوەردانی كێشەكانی ناوخۆی چینە. هاوكات بۆ ئیسرائیلیش رێیەكە بۆ قووڵتركردنەوەی تەنگژەكان، بەجۆرێك چارەسەری كێشەكان ئەستەمتر دەكات. ئەوە لە كاتێكدایە ئەمەریكا لەڕێی راگەیاندنەوە دەیەوێ جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس رابگرێت، كەچی بەو جۆرە هاوكارییە بۆ ئیسرائیل، پێچەوانەی دەرخستووە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، دەنگی لەسەر پڕۆژەیەك دا هاوكاریی بە بڕی 61 ملیار دۆلار كەلوپەلی سەربازی و چەك بگەیەنێتە ئۆكراینا، هاوكات بەبڕی 26 ملیار و 400 هەزار ملیۆن دۆلاریش بۆ ئیسرائیل.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د