بەشار ئەسەد: جارجارە لەگەڵ ئەمەریكا دیدارمان دەبێت

:: AM:09:29:22/04/2024 ‌
سەرۆكی سووریا لە دیالۆگێكی سیاسیی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند، جارجارە لێرەولەوێ لەگەڵ ئەمەریكاییەكان چاومان بە یەكتر دەكەوێت، بەڵام تا ئێستە لەسەر خاڵێكی جێگیر رێكنەكەوتووین.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 22ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا لە دیالۆگێكی سیاسیی لەگەڵ ئیناڵ ئەردزینبا وەزیری دەرەوەی ئەبخازی كە ئاژانسی هەواڵی سووری شەوی رابردوو بڵاوی كردەوە، لەبارەی پێوەندیی وڵاتەكەی لەگەڵ ئەمەریكا گوتی، لێرەولەوێ لەگەڵ ئەمەریكاییەكان چاومان بە یەكتر دەكەوێت، بەڵام تا ئێستە لەسەر خاڵێكی جێگیر رێكنەكەوتووین.

ئەسەد لەو دیالۆگە گوتی، ئەگەر بشزانین ناگەینە خاڵێكی جێگیر لە رێككەوتن، بەڵام بەردەوام دەبین لەو دیدارانە، چونكە سیاسەت خۆی هونەرە.

زیاتر گوتی ئەمەریكا بەشێكی خاكەكەمانی داگیر كردووە، لەگەڵ ئەوەیشدا جارجارە چاومان بە یەكتر دەكەوێت، ئەو دیدارانە بەهیچ خاڵێكی نەگەیشتووین، لەگەڵیدا بەردەوام دەبین.

لەبارەی ئەوەی دەرفەت هەیە دیسان گفتوگۆ لەگەڵ رۆژئاوا بكرێت، ئەسەد گوتی هەمیشە هیوا هەیە، ئەگەر سووریش بزانین ناگەینە رێككەوتن، بەڵام لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین.

دواتریش بەشار ئەسەد گوتی، لەسەرمانە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، وێڕای ئەوەی بشزانین لە هەڵوێستەكانیان نەرێنین. ئەمەریكا ئێستە بەشێك لە خاكی ئێمەی داگیر كردووە، پاڵپشتیی تیرۆر و ئیسرائیلیش دەكات، ئیسرائیلیش بەشێك لە خاكی ئێمەی داگیر كردووە، لەگەڵیدا جارجارە یەكتر دەبینین، وێڕای ئەوەی تا ئێستە بە هیچ خاڵێك نەگەیشتووین.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د