زانیاری نوێ‌ لەبارەی هەناردەی نەوتی كوردستان

:: PM:06:23:22/04/2024 ‌
گوتەبێژی حكوومەتی عێراق، ئاماژە بە دەست پێ كردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكاتەوە دەڵێ‌، گفتوگۆی زۆر كراوە و بڕوایەكی زۆر لە بەغدا هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە.

باسم عەوادی گوتەبێژی حكوومەتی عێراق ڕای گەیاند، سەردانەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغدا گرنگ و مێژووییە و سەرەتایەكە بۆ وەرچەرخانێكی مێژوویی لە پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

روونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكاندا، گفتوگۆیان لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بازرگانی و دەروازەكان كردووە.

عەوادی بە كەناڵی كوردستان24ی گوت، هەرێمی كوردستان بەشێكی زۆر گرنگی جوگرافیای عێراقییە و هەموو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت و لە داهاتوویشدا هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە دەچنە ناو پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان.

گوتەبێژی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە نەوتی هەرێمی كوردستان گوتی، گفتوگۆی زۆر كراوە و بڕوایەكی زۆر لە بەغدا هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە، ئەمەش پێوەندی بە نرخی كرێی كۆمپانیاكانەوە هەیە كە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كار دەكەن و ئەگەر پەرلەمان چارەسەری ئەو نرخە بكات، ئەوكات حكوومەت ناتوانێت ڕێگە لە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگرێت و كار دەكەن بۆ چارەسەركردنێكی واقیعی و یاسایی.


وشە - وشه‌