شارەزایەكی ئابووری: سەردانەكەی ئەردۆغان رەنگدانەوەی گرنگیی ئابووری دەبێت

:: PM:08:47:22/04/2024 ‌

ئەمڕۆ دووشەم رەجەب تەیب ئەرۆدغان، سەرۆكی توركیا سەردانی بەغدای كرد، ئەم ئێوارەیە گەیشتە هەولێری پایەتەخت و لەلایەن سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم پێشوازی لێ كرا، بڕیارە ئەمشەو چەند كۆبوونەوەی گرنگ بێتە سازكردن، شارەزایەكی ئابووری باسی گرنگیی سەردانەكە دەكات و پێی وایە رەنگدانەوەی گرنگی لەسەر ئابووریی هەرێم دەبێت.

كاروان عەلی، شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، سەردانەكەی سەرۆكی توركیا رەنگدانەوەی گرنگیی لەسەر ئابووریی هەرێم دەبێت، توركیا بەرژەوەندیی گەورەی ئابووریی لەگەڵ هەرێم هەیە و دەكرێ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە گرنگترین بڕیار بێت لەو سەردانە بدرێت.

روونی كردەوە، دۆسیەیەكی تر زیادكردنی ئاستی هاوئاهەنگییە لە بواری بازرگانی لە نێوان هەردوولا، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان دوو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و فیشخابووری لەگەڵ توركیا هەیە و عێراق بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، جیا لە دۆسیەی تر لەوانە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاسانكردنی چوونی هاووڵاتییانی هەرێم بۆ توركیا و سووككردنی پێدانی ڤیزەی ئەو وڵاتە بەوان.

شایەنی باسە ئەمڕۆ دووشەم لە میانی سەردانی بۆ بەغدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرەپەرشتیی واژووكردنی 26 یاداشتی لێكگەیشتنیان لە نێوان هەردوو وڵات كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل