ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا دەنگ لەسەر پاڵپشتییەكەی ئۆكراینا دەدات

:: PM:01:27:23/04/2024 ‌
ماوەیەك بوو ئەمەریكا بەهۆی ململانێی نێوان كۆمارییەكانی و دیموكراتەكان، هاوكارییەكانی ئۆكراینای راگرتبوو، بەمدواییە بەپێی پڕۆژەیەك كە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز كرایەوە و دەنگی لەسەر درا، بڕیارە بەبڕی 95 ملیار دۆلار پاڵپشتی بۆ ئۆكراینا و ئیسرائیل و تایوان دابین بكات، ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی پیران دەنگی لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەدات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 23ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیە بدات كە شەمووی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی پێ دابوو، لەو پڕۆژەیە كە بەبڕی 95 ملیار پاڵپشتی ئۆكراینا و ئیسرائیل و تایوان دەكرێت، تێیدا زیاتر لە 60 ملیاری بۆ ئۆكراینایە تا بتوانێ بەرگری لە وڵاتەكەی لە داگیركاریی رووسیا بكات.

چار شۆمەر سەرۆكی ئەنجوومەنی پیران دووپاتی كردەوە، هەردوو لایەنی دیموكراتەكان و كۆمارییەكان لەسەر پڕۆژەكە رێككەوتوون، وێڕای ئەوەی دیموكراتەكان لە ئەنجوومەنی پیراندا زۆرینەن، بۆیە چاوەڕێ دەكرێ ئەمڕۆ بەئاسانی دەنگی بەڵێ بۆ پڕۆژەكە بدرێت.

لەلایەكی تریشەوە سەرۆكی كۆمارییەكانی ئەنجوومەنی پیران رای گەیاند، ئەو  پڕۆژەیەی دەخرێتە بەردەستمان بۆ دەنگدان، حاڵەتێكی خێرایە، بۆیە دەنگدان لەسەری، بۆ ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا مێژووییە.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د