بەڵگە... وەزارەتی پەروەردەی عێراق هۆشداری بە بانكی رافیدەین دەدات "گرێبەستی تەوتین هەڵدەوەشێتەوە"

:: PM:09:27:23/04/2024 ‌
بەهۆی گەندەڵییەوە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق هۆشداری دا بە بانكی رافیدەین، كە مووچەی "تەوتین"كراوی مامۆستا و فەرمانبەرەكانی بگوازێتەوە بۆ بانكێكی تر، لە نووسراوێكی فەرمیدا كە رۆژنامەنووسێكی بنكۆڵكار وێنەیەكی دەست خستووە، وەزارەتەكە هۆشدارى ئاڕاستەى بانكەكە کردووە بەهۆى ئەوەى مووچەى مامۆستا و فەرمانبەرەكانی دواكەوتووە، ئەوا لە ئەگەری دووبارە بوونەوەیدا گرێبەستی نێوان وەزارەت و بانكەكە هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم، 23ی نیسانی 2024، رۆژنامەنووسی بنكۆڵكار "بەشدار بازیانی" نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی بڵاو كردووەتەوە، كە نووسراوەكە لە حەوتی ئەم مانگەدا ئاڕاستەی كارگێڕیی گشتیی "بانكی رافیدەین" كراوە، تيايدا هۆشداری دراوە بەوەی كە بەهۆی زۆر دووبارەبوونەوەی دواكەوتنی خەرجكردنی مووچەی كادرە پەروەردەییەكانی سەر بە وەزارەتەكە، بە تایبەت مووچەی مانگی سێ بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە مووچەخۆرانی وەزارەتەكە.

لە نووسراوەكە ئەوەیش هاتووە، هەرچەندە لە 31ی ئاداری 2024، پارەی تەواو لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دابینكراوە بۆ مووچەی مانگی ئادار، بەڵام 2/4/2024 مووچەخۆرەكان توانیویانە پارەكە رابكێشن.

بەپێی نووسراوەكە، وەزارەتی پەروەردە هۆشداری داوە بە بانكی رافیدەین كە پێویستە بانكەكە پابەند بێت بە گرێبەستی پەسەندكراوی نێوان وەزارەتەكە و بانكەكە، بە پێچەوانەوە گرێبەستەكەی نێوانیان هەڵدەوەشێننەوە.

لای خۆشیەوە، رۆژنامەنووسە بنكۆڵكارەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كێشە و فێڵەكە پێوەندی بەوە هەیە كە "گرووپێك لە بانكەكە ئەو چەند رۆژە مووچەی مامۆستایان دوا دەخەن و بە ئەنقەست مامەڵە بەو پارە زۆرەوە دەكەن لە بۆرسە و بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراودا و لیژنە بۆ ئەم مەبەستەیش پێكهێنراوە".

بەشدار بازیانی ئەوەیشی نووسیوە، بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ "23ی نیسانی 2024" جارێكی تر وەزارەتی پەروەردە هۆشدارینامەی كۆتایی بۆ بانكەكە ناردووە، بڕیارە لە مانگی داهاتووەوە مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە كە لە بانكی رافیدەین "تەوتین" كراوە بسەندرێتەوە و بخرێتە سەر بانكی TBI.
 




وشە - پۆڵا مەحموود