لە گرتووخانەكانی ئێران چی روودەدات؟

:: PM:09:50:23/04/2024 ‌

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی خاوەن سیستمێكی فەرمانڕەوایی توندڕۆ و توندە بەرانبەر بە ئازادییەكان، بۆیە زیندانەكانی پڕن لە كەسانی نەیار بۆ سیاسەتەكانی حكوومەتی تاران لە بوارە جیاجیاكاندا، چالاكان باسی ئەوە دەكەن كە ئازاردانێكی رێكخراوی زیندانیانی نێر و مێ لە رێگەی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەریان هەیە.

گرتووخانەی ئەوین یان ئیڤین، كە كەوتووەتە باكوری تاران، یەكێكە لە بەناوبانگترین گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە و تاوانبار و نەیاری سیاسی و دوورەگەزنامەكانی تیادا گیراوە، بەوە ناسراوە كە زیندانیانی سیاسی مامەڵەی خراپیان بەرانبەر دەكرێت و گیراوی بیانیشی تیادایە، لە 2018 حكوومەتی ئەمەریكا بەهۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤەوە خستوویەتییە ناو لیستی رەشەوە. 

لەوكاتەی محەمەد خەیری، توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەو گرتووخانە ناوبانگی خراپە، بەهۆی ئەو پێشێلكاری و ئازاردانە جەستەییەی گیراوان دووچاری دەبنەوە، ویجدان عەبدورەحمان، بەرهەڵستكاری ئێرانی لە لەندەن دەڵێت، ئەو قسانەی باسی دەستدرێژیی سێكسی و ئازاردانی دەروونی و لێدان لە گرتووخانەیە دەكرێت، مشتێكە لە خەروارێك بۆ ئەو رەفتارانەی بەرانبەر بە گیراوان لە هەموو گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە دەكرێت.

روونی كردەوە، ئازاردان و دەستدرێژیی سێكسی و لێدان تا مردن لە هەموو گرتووخانەكانی ئێران هەیە، رژێمی ئێران سیاسەتی لێدان تا مردن و دەستدرێژی سێكسی بۆ پیاو و ژن لە گرتووخانەكان پیادە دەكات، لەوانە لە گرتووخانەكانی ئەهواز و تاران و بەلووچستان و كوردستان و پارێزگاكانی ناوەڕاستی ئێران بێ جیاوازی.  

دووشەمی رابردوو رێكخراوی مافی مرۆڤ رای گەیاند كە هێزە تەناهییەكانی ئێران لە چوارچێوەی هەڵمەتی گرتن و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكانی 2022 و 2023ی ئەو وڵاتە، دەستدرێژیی سێكسی و ئازاردانی جەستەییان بەرانبەر بە كچ و ژنە گیراوەكان بەكار هێناوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل