ئەعرەجی: عێراق تا ئێستەیش پێویستی بە پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

:: PM:01:24:25/04/2024 ‌
راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە رووسیا رای گەیاند، وێڕای ئەوەی عێراق سەقامگیرە و پێشكەوتووە، بەڵام تا ئێستەیش پێویستیی بە پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق كە ئێستە لە رووسیایە و بەشداریی لە 12مین كۆبوونەوەكانی بەرپرسە باڵاكانی وڵاتان لە شاری پترسبۆرگ دەكات، لە وتارێكدا دووپاتی كردەوە كە تا ئێستەیش پێویستیی بە پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

ئەعرەجی زیاتر گوتی، پەیامی عێراق بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پەیامی دڵنیاییە بەوە گەلەكەمان توانیویەتی قۆناغی توندوتیژی و تیرۆر تێپەڕێنێت، ئێستەیش هەنگاو بۆ رێی ئاشتی و گەشەپێدان هەڵدەگرێت.

راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئەوەشی گوت، پاڵپشتی لە كاروانی ئابووری و جووڵەی گەشەپێدان و فێركردن و بوارەكانی تر بۆ پاشەڕۆژی عێراقییەكان دەكەین، ئەویش جێهێشتنی قۆناغی ئاستەنگەكان و گەیشتن بە دەرفەتی سەركەوتنی زیاتر.

دواتریش ئەعرەجی دووپاتی كردەوە، تا ئێستەیش عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەویش بۆ سەقامگیریی زیاتری ئاسایشی نەتەوەیی و گەیشتن بە گەشەپێدانی زیاتر.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د