باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق: دەبێت لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە بكرێ‌

:: AM:09:22:27/04/2024 ‌
باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، بە توندی هێرشەكەی سەر ژێرخانی وزە لە هەرێمی كوردستانی عێراق سەركۆنە دەكەین.

ئەمڕۆ شەموو 27ـی نیسان، ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕای گەیاند، بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكەین كە بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان و چەندان قوربانی لێ كەوتەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە، داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین لێكۆڵینەوەی تەواوەتی بكەن لەو هێرشە و تاوانباران بدرێنە دادگا تا بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە كاركردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق.

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری ئەو كەسانە كرد كە لەو هێرشەدا گیانیان لە دەست دا.

ئێوارەی دوێنێ‌ لەلایەن درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوون، بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە وەستێنرا و بووە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی دوو هەزار و 500 مێگاوات.

ئەو هێرشە لە كاتێكدایە چەندان جاری تریش لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەكان، هێرش بۆ سەر ئەو كێڵگەیەی بەرهەمهێنانی غاز ئەنجام دراوە.



وشە - رامیار جەواد