هەڵمەتێكی چڕ لە هەولێر دەستی پێ كردووە
قایمقامی هەولێر كۆنتڕۆڵی هەڵاوسانی بازاڕ لە رەمەزاندا دەكات

:: AM:11:58:17/05/2017 ‌

كەمتر لە 10 رۆژی ماوە بۆ مانگی رەمەزان و بەهۆی ئەوەی لەو مانگەدا خواستی زیاتر دەچێتە سەر كەلوپەلە خۆراكییەكان، هەموو ساڵێك بازرگانان نرخی كاڵاكان بەرز دەكەنەوە و قایمقامی هەولێریش رای دەگەیەنیت، زیاتر لە هەفتەیەكە لیژنەكانمان هەڵمەتێكی چڕیان دەست پێ كردووە بۆ رێگریكردن لە هەڵاوسانی بازاڕ و فرۆشتنی خۆراكی ماوە بەسەرچوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئایار/مایۆ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و بەتایبەت ئەو شوێنانەی پێوەندییان بە كاروباری رۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە، هەر لە خواردنگەكانەوە تا ئەو شوێنانەی كەلوپەلە خۆراكییەكان دەفرۆشن، لیژنەی تایبەتمەندمان داناوە بەردەوام چاودێرییان دەكات، بەڵام لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان پلانمان داناوە چاودێرییەكان چڕتر بكەینەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەولەویەتی كاری ئەو لیژنانە دەستگرتنە بەسەر ئەو كەلوپەلانەی ماوەیان بەسەر چووە و خاوەنەكانیان رووبەڕووی یاسا بكرێنەوە، چەند رۆژ لەمەوبەر لە گەڕانێكی تیمەكانمان دەستمان گرت بەسەر حەوت تۆن نیسك و فاسۆڵیای ماوە بەسەرچوو لە هەولێر كە ئامادە دەكرا لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان بخرێتە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن و خاوەنەكەی بە توندترین شێوە كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ كرا.

قایمقامی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەكات هاوكاری تیمەكانیان بن بۆ دۆزینەوەی ئەو سەرپێچیكارانە و دووپاتی دەكاتەوە، لە هەر شوێنێك هەست بكرێت بەبۆنەی رەمەزانەوە دۆخەكە لەلایەن فرۆشیارانەوە قۆستراوەتەوە یان هەر هاووڵاتییەك سكاڵا لەسەر سەرپێچیكردن تۆمار بكات، بە دڵنیایییەوە دەستبەجێ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و كاردانەوەی خێرامان دەبێت لە بەرامبەری.

"لەبارەی هەڵاوسانی بازاڕ لیژنەی تایبەتمەندمان هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردن و وەك سەرجەم لیژنەكانی تر تیمی بەردەوامیان دەبێت لەو مانگەدا بۆ ئەوەی رێگە نەدەن هیچ بازرگانێك ئیستغلالی هاووڵاتییان بكات و بەهۆی ویستی زۆری هاووڵاتییان لە رەمەزاندا دۆخەكە بقۆزێتەوە". نەبەز عەبدولحەمید وای گوت.

ساڵی رابردوو لە مانگی رەمەزاندا دەست بەسەر زیاتر لە 20 تۆن خۆراكی ماوە بەسەرچوودا گیرا و ژمارەیەك دووكان و چێشتخانە بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخ و فرۆشتنی خۆراكی ماوەبەسەرچوو، رووبەڕووی سزای دارایی و داخستن بوونەوە. قایمقامی هەولێر ئاشكرای دەكات كە هەر بابەتێك پێوەست بە ئاسایشی تەندروستی هاووڵاتییانەوە بێت، بە توندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان