لە مه‌رزی باشماخ بێ پشکنین کەلوپەل هاوردە دەکرێت

:: PM:02:26:26/10/2016 ‌

چەند رۆژێكە، كاری ژمارەیەك كۆمپانیا لەناو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ راگیراوە،  بەو هۆیەشەوە رۆژانە بەبێ پشكنین چەندین تۆن كەلوپەل و شمەك و پێداویستی جۆراوجۆر، دێنە هەرێمی كوردستانەوە، بەپاساوی ئەوەی كە هۆكار بوون بۆ لاوازكردنی كاروباری بازرگانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە"، كەوتوون، لەئێستەدا كاری نزیكەی پێنج كۆمپانیا لەلایەن هێزە تەناهیەكانی ئاسایشی پێنجوێن و باشماخەوە راگیراوە. كە پێشتر رۆژانە كاری پشكنینیان بۆ ئەو كەلوپەل و شمەكە جۆراوجۆرانە كردووە، كە لەوڵاتی ئێرانەوە دەهاتنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان. 

بە پێی بەدواداچوونی "وشە" ئەو كۆمپانیایانە لەناو بنكەی كوالێتی كۆنتڕۆڵی جۆری باشماخ كاریان كردووە، بەڵام لەئێستەدا  دیار نییە دوای راگرتنی كاری ئەو كۆمپانیایانە، هەموو ئەو كەلوپەل و شمەكانەی دێنە هەرێمی كوردستان، چۆن و بە چ شێوازێك كاری پشكنینیان بۆ دەكرێت و چۆنیش رێگە بە ناردنیان بۆ بازاڕەكانی هەرێم دەدرێت.

بەپێی راگەیەنراوێكی بەشی راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، كە وێنەیەكی دراوەتە "وشە" هاتووە، لەكۆبوونەوەیەكدا كە ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزەكە و هەریەك لەسەرۆكی لقی پێنجوێنی سەندیكای شۆفێرانی پێنجوێن و ژمارەیەك لەنوێنەری شۆفێری بارهەڵگرەكانی هێڵی باشماخ ئامادەی بوون،  تیایدا بەوردی گفتوگۆ لەبارەی كێشە و گرفتەكانی شۆفێران و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو كراوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لەكۆبوونەوەكەدا، باس لەلابردنی چەند كۆمپانیایەك كرا، كە لەپێشتردا كاریان دەكرد لەمەرزی باشماخدا و بریتی بوون لە كۆمپانیاكانی كۆتیكنا و بولتیك كە لەئێستەدا بەڵێننامەكانیان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نوێ نەكراوەتەوە و كاركردنیان لەمەرزی نێودەوڵەتی باشماخدا راگیراوە.

لەكۆتاییشدا بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، ئاماژەیان بەوەكردووە كە لەماوەی رابروودودا ئەو كۆمپانیانە هۆكاربوون بۆ لاوازكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەروازە سنوورییەكاندا و هۆكاری گرانكردنی شتومەك و كاڵا بازرگانییەكان لەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان،  لەئێستەدا تاقیگەی پێشكەوتوویان نییە، تاوەكو كاڵا و شتومەكە بازرگانییەكان بپشكنن، بۆیە كارەكەیان راگیراوە.

هاوکات عەبدوڵا ئەحمەد، سەرۆكی لقی پێنجوێنی سەندیكای شۆفێرانی كوردستان، بۆ "وشە"  گوتی "چەند رۆژێكە كاری پێنج كۆمپانیا راگیراوە كە كاری پشكینیان بۆ شمەك و كاڵاكان كردبوو، چونكە كارەكانیان لەسەر بازرگانان قورس كردبوو".

ئەو جەختیشی كردەوە، گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە هەتا ناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بووە، بەڵام لەئێستەدا لەلایەن هەردوو ئاسایشی میحوەری پێنجوێن و باشماخەوە كارەكانیان راگیراوە و بۆیەش داوای کرد جارێكی تر رێگە بەكاركردنیان نەدرێتەوە، چونكە شۆفێران زۆر لێیان نیگەران بوون.  

"وشە" چەندین جار پێوەندی بە هەر یەك لە ئەزوەر مەحمود، سەرپەرشتیاری مەرزی باشماخ و شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزەكە، کرد بەڵام هیچیان وەڵامی پەیوەندیەكانیان نەدایەوە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لەمەرزە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان و دەكەوێتە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و نزیكەی شەش كیلۆمەتر لێوەی دوورە، مەرزەكە بە شادەماری ئابووری پارێزگای سلێمانی دادەنرێت. هاوكات بەپێی ئامارێكی تایبەتی مەرزی باشماخ، داهاتی ساڵی 2015ی مەرزەكە زیاتر لە217 ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە،  بەڵام هێشتا داهاتی مانگانەی ئەمساڵی مەرزەكە ئاشكرا نەكراوە و بڕیارە لەكۆتایی ساڵدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرا بكرێت.

وشە/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سلێمان تاشان