لەبارەی بەرۆژووبوونی پێشمەرگەوە فەتوا درا

:: PM:08:09:27/05/2017 ‌

لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان لەبارەی بەڕۆژووبوونی پێشمەرگە لە سەنگەركانی بەرگری و ئەو هاووڵاتییانەش كە پیشەی قوڕسیان هەیە رای دەگەیەنێت كە ئەگەر لەكاتی بەڕۆژووبووندا تووشی ناڕەحەتی بوون، دەتوانن ڕۆژووەكەیان بشكێنن و لەكاتێكی تر بە ڕۆژوو ببنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان لەبارەی بەڕۆژووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەركانی بەرگری بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، وەك ئەندامانی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان راوێژ كراوە و گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی پێشمەرگە قارەمانەكان كە لە بەرەكانی جەنگن یان ئەو پیشەوەرانەی پیشەكەیان قورسە، هەروەها خوێندكاران، دەتوانن نیەتی رۆژوو بهێنن و پارشێویش بكەن، بەڵام لە كاتی بەڕۆژووبووندا ئەگەر زانیان تووشی ناڕەحەتی دەبنەوە، دەتوانن رۆژووەكەیان بشكێنن و دواتر قەرەبووی بكەنەوە.

لەبارەی گەشتی هاووڵاتییانەوە لە لیژنەی فتواری هەرێمی كوردستانەوە دەڵێن، هاووڵاتییانی ئاسایی ئەگەر هاتوو لەكاتی رۆژووەكەیاندا سەفەریان كرد، ئەوا دەتوانن رۆژووەكەیان بشكێنن و دواتر قەرەبووی بكەنەوە.

دوای هێرشەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی 2014، تا ئێستەش هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكان بەرگرین بەرامبەر چەكدارانی داعش بە درێژایی هەزار و 50 كیلۆمەتر.



وشە - رامیار جەواد