گوندنشینانی پێنجوێن شەونمی شیرین بەرهەم دێنن

:: AM:10:25:27/10/2016 ‌

بەگوێرەی شارەزایی ژمارەیەك لە گوندنشینانی ناوچەكانی پێنجوێن و شارباژێڕ، بەراورد بە چەندان ساڵی رابردوو، ئەمساڵ زۆرترین رێژەی شۆكە لەسەر داربەڕووەكان نیشتووە و لە ئێستەشدا گوندنشینانی سنووری پێنجوێن هەوڵی بەرهەمهێنانی دۆشاوی شۆكە دەدەن و دەڵێن خواستی زۆری لەسەرە.

شۆكە چییە و لە كوێ‌ هەیە؟
شۆكە، جۆرێكە لەو بەرهەمە سروشتییانەی لە وەرزی پایزاندا لەسەر بەرهەمی بەڕوو دەنیشێت، هاوشێوەی گەزۆ كە لەسەر دار مازوو دروست دەبێت. تامێكی شیرینی هەیە و بەو هۆیەوە بە "شەونمی شیرین" ناو دەبرێت. شۆكە لە چەند ناوچەیەكی شاخاوی باشووری كوردستاندا، وەك پێنجوێن، شارباژێڕ و بەرزنجە هەیە.

گوندنشینانی كوردستان لە زووەوە پێی ئاشنا بوون و دەستیان بە كۆكردنەوە و بەرهەمهێنانی كردووە. 

خالید عومەر، یەكێك لە دانیشتوانی گوندی سمایل ئاوای سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، "ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆر و گونجاویی كەشوهەوای ناوچەكەمانەوە، شۆكەیەكی زۆر لەسەر داربەڕووەكان دروست بووە، ئێمەش وەك گوندنشینان، بەتایبەتیش ئەوانەی لاون و توانای گەڕان و چوونە یاڵەكانیان هەیە، لە ئێستەدا سەرقاڵی كۆكردنەوەی شۆكەین".

ئەوەشی گوت، "رۆژانە لە بەرەبەیانەوە لەم وەرزی پایزەدا كە كاتی دەركەوتن و پێگەیشتنی شۆكەیە، دەچین بەدوایدا دەگەڕێین و بەفەردە كۆیان دەكەینەوە، دواتر دەیهێنینەوە ماڵەوە، لەلایەن ئافرەتانەوە هەنگاوەكانی دروستكردنی دۆشاوی شۆكە دەست پێ دەكات و دواتر دەبرێتە بازاڕ و دەیفرۆشینەوە".

گوندنشینانی پێنجوێن كە سەروكاریان لەگەڵ كۆكردنەوەی شۆكە هەیە، دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەمساڵ بەراورد بە چەندان ساڵی رابردوو، زۆرترین رێژەی شۆكە لەسەر دار بەڕووەكان نیشتووە.

حاجی كەریم نووری، یەكێك لە پیاوە بەتەمەنەكانی پێنجوێنە و بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "شۆكە لە هەموو ساڵێك و لەسەر هەموو داربەڕوویەك دروست نابێت".



دروستكردنی دۆشاوی شۆكە
دوای قۆناغی یەكەم كە لێكردنەوەی شۆكەیە، قۆناغی دووەمی دروستكردنی دۆشاوی شۆكەیە.

حاجی حەلیمە یەكێك لەوە خانمانەی پێنجوێن كە ساڵانێكی زۆرە وەك وەستای دروستكردنی شۆكە دەركەوتووە، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، "كاتێك شۆكەكە لە فەردەدا دەهێندرێتەوە ماڵەوە، راستەوخۆ دەست دەكەین بە شووشتنەوەی بەئاوی گەرم و دەبێت لە بەڕووەكەی جیا بكەینەوە، شاشان دەخرێتە ناو مەنجەڵ و دەكوڵێنرێت".

ئەو گوتی، "لە كۆتادا دەپاڵێورێت و دواتریش لەناو مەنجەڵدا دووبارە دەكوڵێنرێتەوە، دواتر دایدەگرین و تا بۆ رۆژی دواتر دەیخەینەوە سەر ئاگر، واتە دروستكردنی دۆشاوی شۆكە ئەركێكی گرانە و كات و توانای زۆری دەوێت".

خواستێكی زۆری لەسەر هەیە
خواست لەسەر دۆشاوی شۆكە لە بازاڕەكاندا زۆرە، هەرچەندە نرخەكەشی گرانە، بەڵام كاوە حەسەن وەك یەكێك لە فەرۆشیارانی دۆشاوی شۆكە لە بازاڕی پێنجوێن، بۆ "وشە" هێمای بەوە كرد كە دۆشاوی شۆكە تایبەتە و مادەیەكە هەموو ساڵێك روو نادات، چەند ساڵێك جارێك روو دەدات، بۆیە بەگران دروست دەكرێت و لێرەش خواستی زۆری لەلایەن هاووڵاتییانەوە لەسەرە و دواكاری زۆری هەیە.

هەروەها گوتی، "دوو جۆر دۆشاوی شۆكە هەیە، یەكێكیان رەنگی قاوەییە و ئەوی تریشیان رەنگی رەشە كە ئاوی كەمتر تێ كراوە لەكاتی لێنانیدا".

شۆكە لەرووی تەندروستییەوە سوودی هەیە
شۆكە جگە لەوەی كە تام و چێژێكی تایبەت و شیرینی هەیە، لەرووی تەندروستیشەوە چەندان سوودی هەیە.
فەتاح شێركۆ، شارەزای گیادەرمان لە پێنجوێن بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "شۆكە باشترین دەرمانی گیایە بۆ زۆربەی نەخۆشییەكان و باشترین جۆری كالیسیۆمی تێدایە و لە شیر و خورما بەهێزترە و بۆ جەستە و وزە بەخشە، هەروەها بۆ كۆكە و هەوكردنی سەر سنگ زۆر باشە".

ئاماژەی دا، "شۆكە سوودیشی هەیە بۆ گەدە و ریخۆڵە و مادەیەكی شلەمەنی ئازیمەیە و چارەسەری نەخۆشیی كۆڵۆن و رەقبوونی دیوارەكانی ریخۆڵە دەكات، سەرباری ئەوەی كە هەر كەسێك بیخوات، بەرگری لەش زۆر دەكات و سوڕی خوێن چالاك دەكات".
ناوبراو، ئەوەشی باس كرد كە "خواردنی دۆشاوی شۆكە بۆ لایەنی سێكسیی مرۆڤەكان زۆر باشە و ئەو كەسانەشی كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە، دەتوانن بیخۆن، هەروەها سوودی زۆریشی هەیە بۆ بەهێزكردنی جومگەی ماسولكە و چالاككردنی سوڕی خوێن و بەهێزكردنی بینینی چاو، دەم و ددان و پاككردنەوەی جەستە لە ژەهراویبوون.

وشە/ رێبین پێنجوێنی 


وشە - تایبه‌ت