پارە گەیشته‌ دهۆك...حكوومەت نزیكەی سێ ملیار بە بەڵێندەران دەدات

:: AM:10:12:29/05/2017 ‌

بەرپرسێكی كارگێڕیی پارێزگای دهۆك ئاشكرای كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێژەیەك پارەی بۆ دهۆك ڕەوانە كردووە تا بەو بەڵێندەرانە بدرێ لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە حكوومەت نەیتوانیوە مافەكانیان پێ بدات، هەرچەند ئەوان پڕۆژەكانیان تەواو كردووە.

عوسمان یونس ئیتوتی جێگری پارێزگاری دهۆك بۆ كاروباری تەكنیكی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕە پارەیەك بۆ پارێزگای دهۆك خەرج كراوە تا بە بەڵێندەران و كۆمپانیاكان بدرێن، بەمەبەستی تەواوكردنی ئەو پڕۆژانەی لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێ كراون.

هەروەها گوتی، ئەمڕۆ دەست بە دابەشكردنی بڕی دوو ملیار و 916 ملیۆن دینار بەسەر بەڵێندەرانی سنووری پارێزگای دهۆك دەكرێت، ئەو بڕە پارەیە ئەو بەڵێندەرانە دەگرێتەوە كە لە ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 پڕۆژەكانیان جێبەجێ كردووە و پارەی پێویستیان پێ نەدراوە.

ئاماژەی دا، كۆی ئەو پارەیە بە 105 بەڵێندەر دەدرێ و هەریەكەیان بڕی 4.5%ی پارەكەی بەردەكەوێ، پێشتر زۆرێك لە بەڵێندەرانی دهۆك بە ڕێژەی 66% ئەو پارانەی لە پڕۆژەكان خەرجیان كردووە، پێیان دراوەتەوە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د