لە سلێمانی هەشت هەزار تەن گەنم لە دەرەوەی سایلۆیە

:: PM:06:43:27/10/2016 ‌

هەشت هەزار تۆن گەنم لە سنوری پارێزگەی سلێمانی لە دەرەوەی سایلۆكانەوە و تائێستا نەكراونەتە ناو سایلۆكان، لە كەلاریش پێنج هەزار تۆن گەنم ماوە.

غەریب مستەفا، بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو گەنمەی كە لە دەرەوەی سایلۆكان ماوە، پێویستە هەرچی زووە چارەسەر بكرێت، یان بكرێنە ناو بەنكەرەكانەوە و بە شێوازێكی باش دابپۆشرێن، چونكە سایلۆكان ڕێگەیان نەماوە.

ساڵانی ڕابردوو بەهۆی ئەوەی بڕێكی زۆر گەنم لە دەرەوەی سایلۆكان بووە و باران لێی داوە، خراپ بووە و گەنیووە و كەڵكی نەماوە، كە بە هەزاران تۆن بووە.

غەریب مستەفا، ئەوەشی گوت، ئەگەر ئەو بەنكەرانە بەشێوازێكی تۆكمە و باش دانەپۆشرێن گەنمەكانی ناویان ترسی خراپ بونیان هەیە.

بڕیاردەری لیژنەی كشتوكاڵ ئەوەشی خستەڕوو، لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە چەند شوێنێك گەنم ماوە نەكراوەتە ناو سایلۆكان بەهۆی نەبونی شوێن بە تایبەت لە شارەزور ناحییەی سیروان.

لە كەلار بڕی پێنج هەزار تۆن لە دەرەوەی سایلۆكانە و بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی كشتوكاڵ لەو سنورە بەنكەری لێ نییە، كەوابوو ئەو گەنمە لە گۆڕەپانەكاندا هەڵگیراوە.

ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنوری پارێزگای سلێمانی بڕێكی زۆر گەنم كراوەتەوە ناو سایلۆكانەوە بەڵام لە شارەزور و لە گەرمیان بڕێكی زۆر گەنم ماوە نەكراوەتەوە ناو سایلۆكانەوە.

گوتیشی: "لە شارەزوور بڕی سێ هەزار تۆن لە دەرەوەیە، لە گەرمیانیش پێنج هەزار تۆن لە دەرەوەی سایلۆوە و ئەویش بە هەمان شێوە لە دەرەوەی سایلۆیە و شوێن نەماوە و لە ناو بەنكەردایە".



سلێمانی، هۆشیار عەلی 


وشە - ڕێبین محه‌مه‌د