دوو رۆژە نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: PM:01:09:28/10/2016 ‌
دوو رۆژە نرخی  نەوت لە بەرزبوونەوەدایە و ئەم گۆڕانکارییەش دوای ئەوەی دێت کە لە رۆژی دووشەممۆوە بۆ ماوەی سێ رۆژ نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهانی دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاستی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا.

رۆژی دووشەم نرخی نەوت لە نزیک ٥٢ دۆلارەوە دابەزی بۆ ٥١ دۆلار و ٣٦ سەنت، رۆژی سێشەم نرخەکە شۆڕبوویەوە بۆ ٥٠ دۆلار و ٢٠ سەنت و رۆژی چوارشەمیش لە دابەزین بەردەوام بوو و گەیشتە ٤٩ دۆلار و ٦٥ سەنت.

لە دوێنێ پێنجشەممۆوە نرخەکەی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و لەو کاتەوە سەرووی دۆلارێک لە نرخەکەی هەڵکشاوە.

بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە ئەمریکا و نەیجریا بە گرنگترین هۆکاری ئەو دابەزینەی نرخی نەوت هەژمار دەکرا کە لە سێ رۆژی یەکەمی بازاڕی ئەم هەفتەیەی بۆڕسە تۆمار کرا. بەپێی دوایین راپۆرتی کۆگاکردنی نەوتی ئەمریکا بڕەکە چوار ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل زیادی کردووە.

هاوکات بازاڕی نەوت چاوی بڕیوەتە نرخی دۆلار و رۆژی چوارشەم نرخی دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوودا. 

نرخی نەوت پێش سەرهەڵدانی داعش سەرووی ١١٥ دۆلار بوو بەڵام لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە رووی لە دابەزین کرد و لە سەرەتای ئەمساڵ تا ٢٧ دۆلار دابەزی. مەترسی ئەوە هاتە ئاراوە نرخی نەوت بگاتە خوارووی ٢٠ دۆلار و ئەمەش هۆشدارییەک بوو بۆ ولاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هەوڵەکانیان بەگەڕبخەن هاوکاری یەکتر بکەن لە رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی زیادەی نەوت. 

بڕیارە لە ٣٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵ وڵاتانی ئۆپێک و رووسیا لە نەمسا کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن. بە گوتەی لێکۆڵەرەوان پێداگری عێراق لەوەی رێگەی پێ بدرێت بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە، لەوانەیە کێشە بۆ بڕیارەکەی ئۆپێک بهێنێتە کایەوە. جەبار لوعێبی وەزیری نەوتی عێراق رۆژی یەکشەم گوتبووی عێراق لەشەڕدایە نابێت هیچی بەسەردا بسەپێنرێت.

لە چەند رۆژی رابردوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی کرد ئاستی داخوازی جیهان بۆ بەرهەمی نەوت لە ساڵی ٢٠١٧دا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار بەرمیل بەرزببێتەوە.

 بەگوێرەی رۆیتەرز فاتح بیرول سەرۆکی ئاژانسەکە گوتبووی پێشبینی دەکەن لە نیوەی دووەمی ساڵی داهاتوودا بازاڕی جیهانیی نەوت بە هاوسەنگی بگات  و تەنیا کاتێک ئەمە روونادات کە گۆڕانکاری لە خستنەڕووی بەرهەمی نەوت بێتە کایەوە.

ئەو هەروەها گوتوویەتی ئەگەر نرخی نەوت لە ئاکامی بڕیارێکی ئۆپێک لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، بەرزببێتەوە، ئەوکات دەبێت چاوەڕێی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە نەوتانەش بن کە بەرهەمهێنانیان خەرجێکی زۆر هەڵدەگرێت.

هەڵبەت بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی راستەوخۆ کاریگەری هەیە بۆسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و تا ئاستی داخوازی سەرووی  ئاستی خستنەڕوو بێت، ئەوا نرخی نەوتیش بەرز دەبێتەوە. ماوەی سێ ساڵە بڕی گشتی داخوازی جیهان لە بڕی گشتی ئەو نەوتەی خراوەتە بازاڕەوە زۆر کەمتر بووە و هەر بۆیەش نرخەکەی دابەزیوە.

ئەندامانی ئۆپێک و رووسیا چەندین مانگە کار بۆ ئەوە دەکەن بتوانن سنوورێک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دابنێن و هێشتا نرخی نەوت نیوەی ئەو نرخەیە کە لە ٢٠١٤ دەفرۆشرا.

مانگی رابردوو رێکخراوی ئۆپێک بە سەرکردایەتی سعوودیە رەزامەندی دەربڕی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنێت و ئەمەش دواجار بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێکەوتەوە.

ئەو بڕیارەی ئۆپێک بە یەکەم بڕیاری رێکخراوەکە هەژمار دەکرێت لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو و هەر ئەوەش وایکردووە تا رادەیەک بازاڕی نەوت سەقامگیر ببێتەوە و نرخەکەی جێگیر ببێت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەسودی هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە کە لە دوو ساڵی رابردوو دابەزینی نرخەکەی گوشارێکی زۆری ئابووری خستووەتە سەریان. لە هەرێمی کوردستان کە سەرووی ٩٥%ی داهاتی حکوومەت پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت کاریگەریی دەبێت بۆسەر بەرزکردنەوەی بڕی داهات و سووکترکردنی باری تەنگژەی دارایی کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە.

لە دوو ساڵی رابردوودا ئابووری جیهان بە سستی گەشەی کردووە و ئەوەش وایکردووە ئاستی داخوازی نەوت بەراورد بە ئاستی خستنەڕوو داببەزێت و دواجار نرخەکان دابەزێنێت، جگەلەمە رۆژ بەڕۆژ زیاتر لە جاران وزەی جێگرەوە و وزەی پاک جێگەی وزەی پشتئەستوور بە نەوت دەگرێتەوە. 


سەرچاوە/ livechart-رۆیتەرز


وشە - سلێمان تاشان