بایکۆتی دەوام لە سلێمانی کاریگەریی خستووەتە سەر کەمبوونەوەی داهات

:: PM:04:09:28/10/2016 ‌
بەشێک لەو فەرمانگانەی سلێمانی کە داهات دەخەنە گیرفانی حکوومەتەوە و لە کار وەستاون، ئەمە وای کردووە داهاتی مانگانەی فەرمانگەکە کەم ببێتەوە و ئەرکی حکوومەت لە خەرجییەکان قورستر بکات. بایکۆت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی هەندێک لە هاووڵاتییان لە سلێمانییەوە روو لە هەولێر بکەن بۆ راییکردنی کارەکانیان.

دالیا ئازاد، بەڕێوەبەری دادنووسەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە 27ی مانگی ڕابردوو کاتێک بایکۆت لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیەنرا، دادنووسەکانیش بایکۆتی دەوامیان کرد، ئێستە کاروباری زۆرینەی هاووڵاتییان ڕاگیراوە، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی فەرمانگەکانی دادنووسیش وەستاوە.

هەر لەبەر ئەم هۆیە هاووڵاتییان بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان سەردانی هەولێر و دهۆک دەکەن، بە گوتەی بەڕێوەبەرەکە، داهاتی مانگانەیان نزیکەی 200 ملیۆن دینارە، لە کاتێکدا لە هەفتەیەکدا تەنیا سێ ڕۆژ دەوام دەکەن.
کارزان سدیق، فەرمانبەر لە باجی خانووبەرە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی بایکۆت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەوانیش دەستیان بە بایکۆت کردووە و نەچوونەتەوە سەر کارەکانیان. ئەو دەڵێت، پێشتر ئەگەر یەک ڕۆژ بایکۆتی دەوامیان بکردایە، لە هەولێرەوە هۆشدارییان پێ دەدرا، بەڵام  لەوەتەی بایکۆتی دەوامیان کردووە، هیچ هۆشدارییەک شۆڕ نەبووەتەوە خوارەوە و ئەوەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ بڕە داهاتێک ناگەڕێندرێتەوە هەولێر.

کۆمەڵگەی باجەکان لە حەوت شوێن پێک هاتووە و ڕۆژانە داهاتێکی زۆریان هەیە و مانگانە داهاتەکەیان بە ملیاران دینارە، فەرمانبەرەکە گوتی: "ڕۆژ هەیە داهاتیان 300 ملیۆن دینار دەبێت، ڕۆژی وا هەیە 100 ملیۆنە، بەڵام بەگشتی کۆمەڵگەی باجەکان ڕۆژانە 300 ملیۆن داهاتیان هەیە".

 بەو پێیە داهاتی مانگانەی کۆمەڵگەی باجەکان کە لە حەوت فەرمانگە پێک هاتووە، مانگانە نزیک دەبێتەوە لە چوار ملیار دینار، چونکە ئەوان هەفتەی سێ ڕۆژ دەوام دەکەن و هەفتانە نزیکەی یەک ملیار دینار داهاتیان هەیە.

لەیلا عومەر، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی دووی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "داهاتی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرەی دووی سلێمانی، زیاتر لە یەک ملیار و 250 ملیۆن دینارە، بەهۆی ئەو بایکۆتەوە مانگی تشرینی یەکەم داهات کەمی کردووە، چونکە کاتێک هاووڵاتی بۆ کاری خانووبەرە، یان هەر مامەڵەیەکی تر دێتە فەرمانگەکە کارەکانی بۆ ڕایی ناکرێت".

 داهاتی یەک ملیار و 250 ملیۆن دیناری، مانگانەی تۆماری خانووبەرەی ژمارە دوو لە کاتێکدایە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژ دەوامی هەبووە، واتە لە کۆی مانگەکەدا 12 ڕۆژ دەوام دەکەن، بەڵام پارەی ڕسوومات زیادی کردووە. بەپێی زانیارییەکانیش کە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە "وشە" دراوە، ڕۆژانە فەرمانگەکە بە سەدان هاووڵاتی کارەکانیان لەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕایی دەکەن و کۆی داهاتەکەشی لە رۆژێکدا 250 بۆ 350 ملیۆن دینارە".

 لە لایەکی ترەوە، جوان فازڵ، بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی یەکی سلێمانی گوتی، ماوەی یەک مانگە فەرمانگەکەیان بایکۆتی دەوامیان کردووە و هیچ کام لە فەرمانبەرەکانیش دەوام ناکەن، بۆیە بەهۆیەوە ئیشێکی زۆری هاووڵاتییان کەڵەکە بووە. ئەو بۆ "وشە" باسی لەوەش کرد، داهاتی مانگانەی ئەوان زۆرە بەو پێیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، ڕسووماتی تاپۆی 1% بۆ 3% بەرز کردەوە کە وای کردووە داهاتی مانگانەی فەرمانگەکە زۆر زیاد بکات و لە لایەکی ترەوە دەوام نەکردنی ئێمە زیانێکی زۆر لە داهاتی مانگانەی حکوومەت بدات.

 بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی یەکی سلێمانی ئەگەرچی ئامادە نەبوو زانیاری لەسەر داهاتی مانگانەی فەرمانگەکەی بدات، بەڵام بەو پێیەی داهاتی تۆماری دووی خانووبەرە زیاتر لە یەک ملیار و 250 ملیۆن دۆلارە لە 12 ڕۆژدا.
بە گوتەی غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان، داهاتی مانگانەی سنووری پارێزگای سلێمانی جگە لە بەرهەمە نەوتییەکان و تانکەرەکان، زیاتر لە 70 ملیۆن دینارە، بەو پێیە، بەهۆی بایکۆتی فەرمانگەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بڕە پارەیەکی زۆر لە داهات کەمی کردووە، هەرچەند عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی ناگەڕێتەوە بەغدا.

 بەڕای ئابووریناسێک، دەوامنەکردنی ئەو فەرمانگانەی کە داهاتیان هەیە، ئەرکی حکوومەت زیاتر قورس دەکات لە ڕووی مووچەوە، محەمەد ڕەئووف بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەم حاڵەتەی ئێستە، حکوومەتی هەرێم کەمتەرخەمە بەرامبەر ئەو فەرمانگانەی کە داهاتیان هەیە. ئەو گوتی، کاتێک داهات نەما، خەرجییەکانیش بۆ حکوومەت قورستر دەبن.
هەروەک محەمەد رەئووف باسی کرد ئێستە پارێزگای سلێمانی بێ خاوەنە، نە ئەوەیە پارتی ئاوڕی لێ بداتەوە، نە یەکێتیش لە خەمی کێشەکانیدایە و هەر ئەوانەش هۆکارن بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی سلێمانی.

*
دادنووسانی سلێمانی دەوام ناکەن.
*
فەرمانبەرێک: نەبوونی هیچ هۆشدارییەک لە هەولێرەوە لەبارەی بایکۆتی دەوام، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ بڕە داهاتێک ناگەڕێندرێتەوە هەولێر.
*
محەمەد رەئووف ئابووریناس: دەوامنەکردنی ئەو فەرمانگانەی کە داهاتیان هەیە، ئەرکی حکوومەت زیاتر قورس دەکات.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی


وشە - تایبه‌ت