ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن

:: PM:01:25:17/06/2017 ‌

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ ئەم جەژنە و خەڵكێكی زۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە خۆیان ناونووس كردووە.

ئەمڕۆ شەموو نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەكاری لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دەستی پێ كردووە و لە هەموو سنوورەكان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بۆ ئەم جەژنە دەكرێت.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار بێنە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشوری عێراق، چونكە گەشتیارێكی زۆر بۆ هاتنیان خۆیان ناونووس كردووە.

ڕۆستی دەڵێت، ئێستە ناتوانرێت ژمارەیان دیاری بكرێت كە چەند گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دێن، بەڵام لە كۆتای پشووی جەژن دەزانین ژمارەی گەشتیاران چەندە.

لە كاتی بۆنە و جەژنەكان بەهۆی فێنكی ئاو و هەواكەی و بوونی شوێنێكی زۆری گەشتیاری، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و پشووەكانیان لە هاوینەهەوارەكان و ناو شارەكان بەڕێ دەكەن، بۆ ئەم مەبستەش ساڵانە هەر پارێزگا و شارۆكەیەكی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری پێشوەختە دەكەن.



وشە - رامیار جەواد