عێراق بووەتە بازاڕێكی چەوری ئێران

:: PM:01:55:17/06/2017 ‌

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣ رژێمی سەدام حوسێن رووخا، دەستی ئێران ئاوەڵا بوو بۆ ئەوەی لە هەموو بوارێكدا دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا بكات و بیكات بە مەیدانی رمبازێنی خۆی، ئەوەی زۆر باسی لێوە كراوە بریتی بووە لە دەستێوەردانی تەناهی و سەربازی و كەمتر باس لەوە كراوە عێراق بووەتە چ بازاڕێكی چەور بۆ كەرتی ئابووریی ئێران.

یەكێك لە گەورەترین بازاڕەكان بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، عێراقە و رۆژ بەرۆژیش ئەو بازاڕە بەرفراوانتر دەبێت.

ئێران وڵاتی توركیای بە بەهێزترین ركابەری خۆی لە بازاڕی عێراق هەژمار كردووە و پێی وایە، لە رابردوودا لە دوای چین و وڵاتی توركیا زۆرترین كاریگەری لە ئابووری عێراقدا هەبووە، بەڵام ئێستە خەریكە ئێران ئەو جڵەوە لە دەستی توركیا دەردەهێنێت و خۆی دەبێت بە خاوەندارییەتی ئەو بازاڕە.

توركیا ركابەری سەرەكیی ئێرانە

ماڵپەڕی "ئیرنا" كە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ئێرانە لە بڵاوكردنەوەی داتایەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، پێشتر ساڵانە بە بڕی ١٨ ملیار دۆلار پێداویستی و شتومەكی جۆراوجۆر لە توركیاوە بۆ عێراق هەناردە كراوە، بەڵام ئێستە ئاستی ئەو هەناردەیە بۆ هەشت ملیار دۆلار كەمی كردووە و هەر ئەو دابەزینەش وای كردووە ركابەریی نێوان ئێران و عێراق لە دابینكردنی پێداویستی ناوخۆی عێراق زیاتر لە هەر كاتێكی تر بەهێز بێت.

قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق لە ساڵی رابردوودا بریتی بووە لە شەش ملیار و ١١١ ملیۆن دۆلار و ئەمەش دەریدەخات قەبارەی هەناردەی ئەو دوو وڵاتە بۆ عێراق جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ یەكتردا نییە.



عەلی ئاقا محەمەدی سەرۆكی ئەنجوومەنی دۆستایەتی نێوان ئێران و عێراق لە دیداری گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق كە ماوەی رابردوو بەڕێوە چوو، باسی لە گرنگی عێراق بۆ بەرهەمەكانی ئێران كرد و گوتی بۆ ئەوەی ئێران ئەو بازاڕە كۆنترۆڵ بكات، پێویستە لە دوو بواردا وەبەرهێنان بكات، یەكەمیان لە ژێرخانی تەكنەلۆجیای زانیاری وەك تەلەفۆن و مۆبایل و دووەمیشیان لەو شتومەكانەی كە رۆژانە خەڵكی عێراق سوودی لێ وەردەگرن.

ئێران پێی وایە نابێت بە هیچ شێوازێك لە رووی ئابوورییەوە بە یەك چاو سەیری عێراق و وڵاتانێكی وەك سووریا، جەزائیر و لیبیا بكرێت و پێویستە مكانیزمێك بدۆزریتەوە تا عێراقییەكانیش ئەو دەرفەتەیان پێ بدرێت لە ئێران چالاكی ئابوورییان هەبێت.

یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی عێراق كە ئێران دەیەوێت لە قازانجی خۆیدا بیقۆزێتەوە، ئەوەیە عێراق ئەندامی كۆمكاری عەرەبییە، بۆیە دەكرێت ئێران بەشێك لە بەرهەمەكانی لە عێراق بەرهەم بهێنێت و لەو رێگەیەشەوە زۆرترین كڕیار لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە.

بەرپرسەكەی ئێران پێشنیازی ئەوەشی خستووەتە روو كە شەقامی سەرەكیی نێوان مێهرانی رۆژهەڵاتی كوردستان و كەربەلا بكرێت بە جووتساید و چیتر گوشارەكانی هاتوچۆ لەسەر هێڵی ئاسامانی نەبێت. دەكرێت لە رێگەی هێڵی ئاسمانی لە پارێزگاكانی ئێران خەڵك بەرەو ئیلام گەشت بكەن و لەوێشڕا بە ئۆتۆمبێل گەشتی كەربەلا بكەن.

یەكێكی تر لە سیاسەتە ئابوورییەكانی ئێران ئەوەیە نفووزی ئابووریی خۆی لە ناوچەی سوننەنشینی عێراقیش پەرە پێ بدات و لە دوای رزگاری مووسڵ، هەوڵ بدات ئەو ناوچەیە بكات بە بازاڕی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی و بەرنامە و پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژێت.

بەرزبوونەوەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق
بەگوێرەی ئاماری گومرگی ئێران لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ و ٢٠١٤، قەبارەی هەناردەی ئێران لە چوار ملیار و ٤٤٥ ملیۆن دۆلارەوە بەرەو شەش ملیار و ١٤٠ ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.

لە عێراقدا ساڵانە بایی دوو ملیار دۆلار پێداویستی بیناسازی هاوردە دەكرێت و لەو بڕەش ملیارێك و ١٠٠ ملیۆن دۆلاری لە ئێرانەوە دابین دەكرێت.
 لە ئێرانەوە ساڵانە بایی ٤٣٠ ملیۆن دۆلار تەنیا پێداویستی پزیشكی و جوانكاری هەناردەی عێراق دەكرێت. عێراق لە رستن و چنینیشدا دۆخی زۆر خراپە وساڵانە بایی دوو ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار جلوبەرگ و مافوور هاوردە دەكات و لەو رووەوەش ئێران ٣١٢ ملیۆن دۆلاری بەردەكەوێت.

لە ئاسن و كانزاكانیش ساڵانە عێراق بایی پێنج ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار هاوردەی هەیە و ٥٦٠ ملیۆن دۆلاری لە ئێرانەوە دابین دەكرێت.

لە ئۆتۆمبێل و پێداویستییەكانی ئۆتۆمبێلیش عێراق ساڵانە بایی چوار ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار هاوردەی هەیە و ١٧٣ ملیۆن دۆلاری بەر ئێران دەكەوێت.

هەڵبەت بەشێک لەو کەلوپەل و پێداویستییانەی ئێران هەناردەیان دەکات بۆ هەرێمی کوردستانە و بەرهەمە ئێرانییەکان شانبەشانی بەرهەمەکانی تورکیا لە مارکێتەکان بەرجاو دەکەون.


عێراق لە رووی بەرهەمهێنان و بواری پیشەسازیی جۆراوجۆر وڵاتێكی دواكەوتووە، بەڵام لە رووی داهاتەوە وڵاتێكی دەوڵەمەندە، بۆیە بە خۆراكێكی چەور بۆ ئابووریی وڵاتان هەژمار دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان