نرخی نەوت لە ماوەی حەوت مانگی رابروودا لە نزمترین ئاستدایە

:: PM:01:22:20/06/2017 ‌

نرخی نەوت ماوەیەكە رووی لە دابەزین كردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە حەوت مانگی رابردوودا، وڵاتانی ئۆپێك هەموو هەوڵێكیان دا تا رێگە لە دابەزینی نرخی نەوت لە سنووری ٥٠ دۆار بگرن، بەڵام ئێستە بە ٤٧ دۆلار و هەندێك جاریش خوارووی 47 دۆلار دەفرۆشرێت.

سەرەتای ئەمساڵ نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بەرەو سەرووی 58 دۆلار بەرز بووەوە و دواتر بۆ ماوەی چەند مانگێك لە سنووری 55 دۆلار جێگیر بوو. چوار هەفتەی لە دوای یەكە نرخی نەوت دابەزین تۆمار دەكات. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی جۆری برێنت بە 47 دۆلار و نەوتی ئەمەریكیش بە 44 دۆلار و 54 سەنت دەفرۆشرێت.

بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ، نرخی نەوتی برێنت بە بڕی هەشت دۆلار دابەزیوە كە دەكاتە سەرووی 13%. وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە 25ی ئایاری ئەمساڵ لە كۆبوونەوەیەكدا لە نەمسا بڕیاریان دا بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژە بە رێككەوتنەكەی ساڵی رابردوویان بدەن.

 لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و 200 هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە 10ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی 600 هەزار بەرمیل نەوتیان دا.

شارەزایان پێیان وایە هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بازاڕ پێویستی بەوە هەبووە رێككەوتنی نوێ تەنیا درێژكردنەوەی رێككەوتنی رابردوو نەبێت، بەڵكو بڕیاری كەمكردنەوەی بڕێكی تری بەرهەمهێنانی نەوت بێت و كاتێكیش لە كۆبوونەوەكە تەنیا بڕیاری درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە درا، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد.

بانكی مۆرگانی ئەمەریكا لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردووە كە ئامارەكانی ئەم دواییەی بازاڕی نەوت دڵخۆشكەر نین. باسی لەوەش كردووە كە ئاستی كۆگەكانی نەوتی خاو لە زۆرێك وڵاتان زیادی كرووە و ئەوەش بە واتای زیاتر دابەزینی نرخی نەوت دێت.

جگەلەمە بەرهەمهێنانی نەوتی هەر دوو وڵاتی لیبیا و نایجیریا كە سەربەست كراون لەوەی چ بڕە نەوتێك بەرهەم بهێنن رووی لە زیادبوون كردووە.

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

بەگوێرەی dailyfx تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ 55 دۆلار و 50 سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە 30 مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی 45 دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی 2015ەش بۆ نزیكەی 27 دۆلار دابەزیبوو.

لە سەرەتای ساڵی 2014 نرخی نەوت لە سەرووی 110 دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد و ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی 2015، لە یەكەم مانگی ساڵی 2016دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 27 دۆلار دەفرۆشرا.

یەكێك لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی وای كردووە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا داببەزێت، پێوەندیی بە بەرهەمهێنانی نەوتی شێل یان لیتەیی هەیە. ئۆپێك لەوە تێگەیشتووە كە ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوە زیاتر كەم بكاتەوە، ئەوكات نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە.

بەگوێرەی لێكدانەوەیەكی پێشووی ئۆپێك، بە لەبەرچاوگرتنی بڕێك لە گەشەی بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی و خستنەڕووی نەوت بەگوێرەی پێداویستی بازاڕ، نرخی نەوت تا 60 دۆلار بەرز بكرێتەوە و رێگە نەدرێت چیتر بەرز ببێتەوە.

بەو پێیە ئۆپێك چاوی لەوەیە نەوت لە نێوان 50 تا 60 دۆلار بفرۆشرێت، بەڵام بازاڕی چەند هەفتەی رابردوو پێچەوانەكەی دەرخستووە. 

زۆرێك لە چاودێرانی ئابووری پێشبینی دەكەن نەوتی ئەمەریكا لە ساڵی داهاتوودا بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، یەك ملیۆن بەرمیل بەرزبوونەوە تۆمار دەكات و ئەمەش سەرەڕای ئەو گوشارە زۆرەی خرایە سەر بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی، بە گەشەیەكی گونجاو هەژمار دەكرێت.

دابەزینی نرخی نەوت زۆرێك لەو وڵاتانەی تووشی تەنگژەی دارایی كرد كە بە تەنیا پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت دەبەستن، بۆیە هێشتا ترسی ئەوە نەڕەویوەتەوە دووبارە نرخی نەوت بەرەو خوارووی 40 دۆلار داببەزێت و دووبارە وڵاتان لە گەڵ كێشەی كورتهێنانی بودجە بەرەوڕوو بكات.





وشە - سلێمان تاشان