گەشتوگوزاری كوردستان لە بووژانەوەدایە

:: PM:02:42:20/06/2017 ‌

گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان خەریكە دووبارە هەڵدەستێتەوە سەر پێ و بەراورد بە دوو تا سێ ساڵی رابردوو لە وەرزی هاویندا، گەشتیاری زیاتر روو لە كوردستان دەكەن.

مەولەوی جەبار سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە لە رەمەزانی ئەمساڵدا بە پێچەوانەی رەمەزانی ساڵانی پێشوو، هاتنی گەشتیاران بۆ كوردستان بەردەوام بوو و كۆمەڵیك گرووپی گەشتیاری لە رەمەزانی ئەمساڵدا سەردانی هەریمی كوردستانیان كرد.

مەولەوی جەبار ئاماژەی بەوەش كرد، كۆمپانیایەكی ناوخۆیی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كوێتی، گرێبەستی ئەوەیان كردبوو گەشتیارانی كوێت بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بگوازێتەوە و تەنانەت لە كوێت دەستیان بە بانگەشەكردنی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستانیش كرد و دوای ئەوەی داعش مووسڵی گرت بە بڕیاری حكوومەتی كوێت گرێبەستەكە راگیرا.

سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆمپانیاكە دەستبەكار ببێتەوە، چونكە گرێبەستەكە هەڵنەوەشاوەتەوە و تەنیا راگیراوە و ئێستەش كە خەریكە دۆخی ناوچەكە ئارام ببێتەوە، هیچ بیانوویەك نییە تا رێگری لە گواستنەوەی گەشتیاران بكات.

پێویستە بگوترێت لە رێی ئەو هێڵە گەشتیارییەوە جگە لە كوێت، گەشتیارانی ناوچەی كەنداو دەتوانن روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و ببنە مایەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان لە رووی كەشوهەواوە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا كەشێكی گونجاوی هەیە و دەیان سەیرانگە و شوێنی گەشتیاری هەن كە دەكرێت بە هۆیانەوە سەرنجی گەشتیارانی كەنداو بۆ لای خۆیان رابكێشن.




وشە - سلێمان تاشان