شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكانی سلێمانی 60 ملیار دیناری كارەبا قەرزدارن

:: PM:08:38:21/06/2017 ‌

هەر یەك لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی نزیكەی 180 ملیار دیناریان لای هاووڵاتییانە و كارەبای سلێمانیش دەڵێت، بۆ هاووڵاتییان ئەو قەرزەی لایانە دەیكەن بە قیستی مانگانە و بۆ شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكانیش بانگەواز دەكەن بۆ ئەوەی پارەكانیان بدەن.
 
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو قەرزەی كە بۆ پارەی ئاو لای هاووڵاتییانە زیاتر لە 17 ملیار دینارە و بەشی هەرە زۆری پارەكەش لای هاووڵاتییانە.
 
زیاتر گوتی، ئەوان دوو مانگ جارێك پارەی ئاو كۆ دەكەنەوە و پێنەدانی پارەكەش پێوەندی بەو دۆخەوە هەیە، روونی كردەوە، ئەگەر پارەی تەواو لە كاتی كۆكردنەوەی پارەی ئاو بدرێتە بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئەوا داهاتەكەی بۆ دوو مانگ جارێك 300 ملیۆن دینار دەبێت.
 
لای خۆیەوە، سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سەرجەم بەشداربووەكانی كارەبا بە هاووڵاتییان و شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵی و شوێنە حكومییەكانەوە بڕی 157 ملیار دینار قەرزداری كارەبان.
 
زیاتر گوتی، زۆرترین پارەی لای هاووڵاتییانە كە نزیك بە 49 ملیار دینارە، هەروەها شوێنە پیشەسازیەكان 48 ملیار دینارە و حكومییەكان 45 ملیار دینار و بازرگانییەكانیش 11 ملیار و 900 ملیۆن دینار قەرزدارن.
 
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی كارەبای سلێمانی روونی كردەوە،  ناتوانین زەخت لە كەس بكەین بۆ دانەوەی ئەو پارەیە و كارەبای هاووڵاتییانیش نابڕین، بەڵام ئەوان دەتوانن بە شێوەی قیست بیدەنەوە، بۆ شوێنە بازرگانییەكان و پیشەسازییەكانیش بانگەوازێكیان بۆ دەكەین بۆ دانەوەی ئەو پارەیە كە لایانە.
 
سلێمانی/ هۆشیارعەلی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل