خاوەن زەوییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هێشتا قەرەبوو نەكراون

:: PM:12:28:29/10/2016 ‌

پاش زیاتر لە 12 ساڵ لە دروستكردنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هێشتا ئەو جووتیارانەی زەوییەكانیان بۆ ئەو فڕۆكەخانەیە بەكارهێنراوە، قەرەبوو نەكراونەتەوە، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و پەرلەمان داوای بەدواداچوون دەكەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی رۆژنامەی "وشە" دەركەوتووە، لەوەتەی ساڵی 2004ەوە كە دەستبە دامەزراندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كراوە، تا ئێستە حكوومەتی هەرێم قەرەبووی ئەو جووتیارانەی نەكردووەتەوە كە فڕۆكەخانەكە لەسەر زەوییەكانیان دروست كراوە.

بەگوێرەی یاداشتێكی پەرلەمانتارە مەسیحییەكانی پەرلەمانی كوردستان كە لە ئایاری 2015 ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، دووپات لەوە كراوەتەوە بەكۆی گشتی 222 جووتیاری مەسیحی زەوییەكانیان بەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كەوتووە، بەڵام لە ساڵی 2009دا بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تەنیا 40 جووتیار قەرەبوو كراونەتەوە و ئەوانی تر هیچ قەرەبوویەكیان وەرنەگرتووە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004 بەدواوە بە دوو قۆناغ زیاتر لە 11 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی بەمەبەستی دروستكردنی فڕۆكەخانەی هەولێر كوژاندووەتەوە، ئەو زەوییانە بەگشتی لەلایەن كۆمەڵێك جووتیاری مەسیحی خاوەندارێتی دەكرێن.

سالم مەتا یەكێك لەو جووتیارانەی زەوییەكەی داگیر كراوە بۆ "وشە"ی دەڵێ‌، "ئێمە بەپێی یاساكانی كوردستان مافی قەرەبووكردنەوەمان هەیە، بەداخەوە پاش ئەو ساڵە لە چاوەڕوانی، ئێستە حكوومەت بە پاساوی تەنگژەی دارایی قەرەبوومان ناكاتەوە، بەڵام لەراستیدا هۆكارەكە تەنگژەی دارایی نییە، چونكە پێش دروستبوونی تەنگژەی داراییش لایەنە بەرپرسەكان هەر كەمتەرخەم بوون لە قەرەبووكردنەوەمان، هۆكارەكە ئەوەیە كە هیچ كەس و لایەنێك خەمی ئێمەی نییە، لەكاتێكدا ئێمە لە رێز لە حكوومەتی خۆمان دەگرین و هیچ كاتێك نەمانویستووە كێشەیەك بۆ حكوومەتی خۆمان دروست بكەین".

كەماڵ یەڵدا پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لەوەتەی دەستبەكاربوونیانەوە لە پەرلەمان بەدواداچوون بۆ كێشەی ئەو زەوییانە دەكەن كە بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر بەكارهێنراوە، بەڵام تا ئێستە هیچ قەرەبووكردنەوەیەك نییە.
یەڵدا زیاتر دەڵێ‌، "لە سەرەتادا جووتیارەكان قەرەبوو نەكرانەوە و دواتریش هەرێمی كوردستان كەوتە ناو تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش و ئەوەش ئەوەندەی تر كێشەكەی ئاڵۆز و قورستر كرد، بەڵام ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین، لەكاتێكدا لایەنی بەرپرس هەر تەنیا بەڵێنی داوە و جێبەجێ‌ نەكراوە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" سەرۆكایەتی پەرلەمان یاداشتی پەرلەمانتارە مەسیحییەكانی ئاراستەی دەستەی داواكاری گشتی كردووە و دەستەی داواكاری گشتی لە حوزەیرانی 2016دا بە رێگەی نووسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی وەزارەتی دادی كردووە، داوای كردووە وەزارەتی داد بەدواداچوون لەسەر قەرەبوونەكردنەوەی ئەو جووتیارانە بكات كە زەوییەكانیان بەر فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتووە.

ئەو پەرلەمانتارە مەسیحییە دووپاتی كردەوە، "ئێمە پێشنیازی ئەوەشمان كردووە ئەگەر بەهۆی تەنگژەی داراییەوە حكوومەت ناتوانێت قەرەبووی جووتیارەكان بكاتەوە، دەتوانرێت لە بەرامبەر بەكارهێنانی زەوییەكانیان، بە پێدانی زەوی تر قەرەبوویان بكاتەوە، بەڵام ئەوەش بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەو حاڵەشەوە ئومێدمان هەیە جووتیارەكان قەرەبوو بكرێنەوە و لەو پێناوەشدا هەموو هەوڵێكی خۆمان بەگەڕ خستووە".

لای خۆیەوە زیاد سەلمان سەرۆكی كۆمەڵەی (مارعو) تایبەت بە جووتیارانی مەسیحی لە عەنكاوە بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "كەمتەرخەمییەكی زۆر لە ئاستی حكوومەت و وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە لە بەرامبەر قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی زیانلێكەوتوو بەهۆی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەكاتێكدا زیاتر لە 12 ساڵ بەسەر داگیركردنی ئەو زەوییانەدا تێپەڕ دەبێت و هێشتا قەرەبوو نەكراونەتەوە".

سەلمان زیاتر دەڵێ‌، "پێویستە حكوومەت پەلە بكات لە قەرەبووكردنەوەی جووتیارانی زیانلێكەوتوو، چونكە ئەوە مافێكی یاسایی خۆیانە و بە هیچ شێوەیەك ناكرێت قەرەبوو نەكرێنەوە، بەتایبەت كە جووتیارەكان هەموو بژێوی رۆژانەیان لەسەر كشتوكاڵكردن لەو زەوییانە دەست دەكەوت و ئێستە ژمارەیەك لەوان لەوپەڕی هەژاری و نەدارییدا دەژین، ناكرێت چیتر حكوومەت بێدەنگ بێت لە ئاست ئەو جووتیارانەدا".




وشە - تایبه‌ت