ئەمەریکا هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیلی قەدەخە کرد

:: AM:10:59:23/06/2017 ‌

 

ئەمەریکا بەردەوام لەوە نیگەران بووە ئەو گۆشتەی لە بەرازیلەوە دەچێتە وڵاتەکەی تەندروست نەبێت و بۆیەش بە یەکجاری هاوردەکردنی گۆشت لەو وڵاتەی قەدەخە کرد.

 

سێ مانگ لەمەوبەر کاتێک پۆلیسی بەرازیل ئاشکرای کرد بەشێک لە چاودێرانی تەندروستی بەرازیل بەرتیل وەردەگرن تا گۆشتی ناتەندروست پەسند بکەن، کۆمەڵێک وڵات هاوردەکردنی گۆشت لە بەرازیلیان قەدەخە کرد.

 

ئەوکات ئەمەریکا هاوردەکردنی قەدەخە نەکرد بەڵام هەموو ئەو گۆشتەی هاوردە دەکرا دەپشکنی و لەو کاتەوە کۆمەڵێک بەرهەمی بەرازیل رەت کراوەتەوە و رێگەی هاوردەی پێنەدراوە.

 

بە گوێرەی "بی بی سی" وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا لەو سێ مانگەدا ١١%ی ئەو گۆشتەی رەت کردووەتەوە کە هاوردە کراوە.

 

بەرازیل بە گەورەترین هەناردەکەری گۆشت لە دنیادا هەژمار دەکرێت و ساڵانە بایی ١٢ ملیار دۆلار هەناردەی دەکات. گۆشتی بەرازیل بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەنێردرێت، بۆ نموونە یەک لە سەر چواری ئەو گۆشتەی لە ئێران هاوردە دەکرێت هیی بەرازیلە.

 

بەرپرسانی بەرازیل لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی وڵاتەکەیان سزا داوە.

 

جێگەی باسە گۆشتی بەرازیل هاوردەی هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.



وشە - سلێمان تاشان