كێ داعشی دامەزراند و دوای بەغدادی چی بەسەر دێت؟

:: PM:06:02:15/07/2017 ‌
رۆژنامەیەكی رووسیایی ئاماژە دەكات كە رێكخراوی داعش لەسەر بەیەكەوەژیانی ئیسلامییە توندڕۆكان و ئەفسەرانی بەعسی و ئەندامانی حزبی بەعس بنیات نراوە و دووپاتیش دەكاتەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی تاكە سەركردەی داعش نەبووە و دامەزرێنەری راستەقینەی رێكخراوەكە كۆنە ئەفسەرێكی سوپای عێراق بووە.

رۆژنامەی "ئار گۆمێنتی ئی فاكتی" دیدارێكی لەگەڵ سیمۆن باگداسارۆڤ بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایای ناوەند بڵاوی كردووتەوە كە ئەو شرۆڤەكارە لەبارەی كوژرانی بەغدادی و كاریگەری ئەوە لەسەر رێكخراوەكە، دەڵێت، چەند سەركردەیەكی یەدەگ هەن لەناو داعش كە دەتوانن شوێنی بەغدادی لە سەركردایەتی رێكخراوەكەدا بگرنەوە. 

زیاتر گوتی، لەناو داعشدا سیستەمی خۆبەڕێوەبردن هەیە كە چەند گرووپێك لە عێراق و سووریا دەگرێتەوە، واتە واتە لەناوچوونی سەركردەی باڵا زۆر كار ناكاتە سەر كاریگەرییەكەی بەسەر رێكخراوەكەدا.

روونی كردەوە، رێكخراوی داعش لەسەر بەیەكەوە ژیانی نێوان ژمارەیەك گرووپی توندڕۆی ئیسلامی و ئەفسەرانی بەعسی و ئەندامانی حزبی بەعسی عێراق بنیات نراوە و دووپاتی كردەوە كە دامەزرێنەری راستەقینەی داعش ئەفسەرێكی بە پلەی عەقید لە دەستەی ئەركانی سوپای عێراق بووە و لە 2015 لە جەنگێك لە باكوری سووریا كوژراوە.

باگداسارۆڤ زیاتر گوتی، پێناچێت كە ئەو دامەزرێنەرەی داعش كەسێكی ئایندار بێت، چونكە دوای لەناوچوونی و لەكاتی پشكنینی ماڵەكەی هیچ كتێبێكی ئاینی تیادا نەدۆزرایەوە، لەو كاتەی خواردنەوەی كحولی و جگەرە و شتی تریش لەو بابەتە لە ماڵەكەیدا دۆزراوەتەوە، روونی كردەوە، دامەزرێنەرانی داعش پێویستیان بە ئایدۆلۆجیاێك هەبوو و بڕیاریان دا ئیسلامی توندڕۆ بكەنە ئەو ئایدۆلۆجیایە كە توانی هەموو سونەی عێراق یەك بخات و دوای ئەوانیش سووریا.

روونی كردەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە ناتوانرێت بگوترێت كە بەغدادی لەناو داعش خوا بووە و بە لەناوچوونیشی رێكخراوەكە بێكەس ماوەتەوە، ئەگەرچی كەسایەتییەكی كاریگەر و دەستڕۆیشتوو بووە، بەڵام تا ئەو رادەیە نا كە وا بكات رێكخراوەكە بەبێ ئەو هەرەس بێنێت. 

ئەو شرۆڤەكارە ئاماژە دەكات كە داعش رێكخراوێكی ئایدۆلۆجی پتەوە كە تەنیا پشت بە وەهابیەتی توندڕۆ نابەستێت، بەڵكو پشت بە بیرۆكەی "ستەممان لێ دەكەن، چونكە ئێمە سوننەین"، بۆیە لەمەودوا و بەبێ كێشە لەناو رێكخراوەكەدا چەند سەركردەیەكی هاوشێوەی بەغدادی دروست دەبن.

بەڕێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایای ناوەند ئاماژەی كرد، لە ماوەی جەنگی داعش لە عێراق و سووریا دوو لەسەر سێی سەرانی رێكخراوەكە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەربازییەكەی لەناو بران، كە دەكاتە دەسەڵاتی باڵا لەناو رێكخراوەكە و ئەندامانی لە ئەفسەرانی پێشووی سەدام حوسێن بوون.

باگداسارۆڤ زیاتر گوتی، سەركەوتنی سەربازی بەسەر داعش بەس نییە، چونكە چەكدارانی لە كردە تیرۆریستییەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ماوەیەكی درێژ و ئەو شتەشی كە زۆر ترسناكە كە ئەو گرووپانەی رێكخراوەكە پێك دێنن لەلایەن زۆرینەی سوننەی عێراق و سووریا پاڵپشتی دەكرێن، واتە ئەوان روو دەكەن چالاكی نهێنی لەسەر شێوەی شانەی نوستوو و روونی كردەوە كە ئەو دۆخەش وا بەردەوام دەبێت تا كاتی لەباربوونی دۆخێكی بژێوی ئاسایی بۆ سوننە لە هەردوو وڵاتدا.  

لەبارەی توانای رێككەوتنی مۆسكۆ و واسنتن لەسەر ئاراستەكردنی گورزێكی كوشتندە بۆ داعش، باگداسارۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكاییەكان پێویستیان لبەوە نییە، چونكە دوای دەستبەسەرداگرتنی شاری رەققە پێمان دەڵێن كە ئێمە مووسڵ و رەققەمان ئازاد كردووە، ئاخۆ پێوە كوێتان ئازاد كرد؟، روونی دەكاتەوە كە شاری حەلەب لەناو حیسابەكاندا نییە، چونكە جەنگی ئازادكردنەوەی لەدژی چەند گرووپێكی سەر بە توركیا بوو، واتە ئیخوانی موسڵمان و سوپای ئازادی سووریا و بەرەی نەسڕە و هیتریش، كە ئەوەش دەبێتە كارتێكی براوە لەو جەنگەی راگەیاندنی رۆژئاوا لە بەرامبەر رووسیا. 

رێكخراوی داعش لە حوزەیرانی 2014 دەستی بە هێرشێكی فرەوان كرد لە عێراق و توانی رووبەڕێكی فرەوانی داگیر بكات و سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا هەڵبوەشێنێتەوە و دەوڵەتی خیلافەتەتەكەی لە مووسڵ رابگەینێت، ئەو لە ماوەی سێ ساڵی بوونی لە مووسڵ وێرانكاری گەورەی نایەوە.

لە كۆتایی 2015 جەنگ لە دژی داعش بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رێڕەوێكی تری وەرگرت و داعش دەستی بە پاشەكشە و دۆڕاندنی لەسەر یەكی ئەو ناوچانە كرد كە پێشتر داگیری كردبوون.

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەستی پێ كرد و لە10ی تەمووزی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئازادكردنەوەی تەواوی شاری مووسڵ لە چەكدارانی داعش راگەیاند، ئەوەش دوای چەند مانگێك لە جەنگی سەخت.

سەرچاوە: بەغداد تودەی
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل