ئێران هۆكارێكی تری گرانبوونی نرخی دۆلارە لە كوردستان

:: PM:05:06:16/07/2017 ‌

لە گەرمیانەوە دراوە بیانییەكان بەتایبەتی دۆلار، بەلێشاو دەبرێتە كۆماری ئیسلامیی ئێران كە هۆكارێكی ترە بۆ گرانبوونی نرخی دۆلار، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش كە نوێنەری گەرمیانە لەو ئەنجوومەنە، دەڵێ بۆ بەرگرتن لە دیاردەكە، یەكەی كارگێڕیی ناوچەكە و داواكاری گشتییان ئاگادار كردووەتەوە .

كۆچەر عەلی یەكێك لە مامەڵەكەرانی دراوە بیانییەكان لە شارۆكەی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، زۆرێك لەو خاوەن كۆمپانیا و بازرگانەكانی مەرزی پەروێزخان، بەردەوام دۆلاریان لێ دەكڕن و  باس لەوە دەكەن بۆ كڕینی شمەك و كاری بازرگانی بۆ ئێرانی دەگوازنەوە.

ئەو گوتی، "ئێمە بۆ ئاڵوگۆڕی دراو مامەڵە لەگەڵ هەموو كەس دەكەین و بەپێی نرخی رۆژ كاری فرۆشتنی دراو دەكەین."

فازڵ محەمەد شارەزای بواری ئابووری لە گەرمیان دووپاتی كردەوە، نەبوونی سیستەمی بانكی لە هەندێك لە مەرزەكانی هەرێمی كوردستان رێگەخۆشكەرە بۆ ئەوەی پارەی خەیاڵی بەهەموو جۆرە دراوەكانەوە بەتایبەت دراوی بیانی ببرێتە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت كۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەو روونی كردەوە، رۆژانە نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر بەدراوی عێراقی لە نێوان بەغدا و گەرمیان چەند هەزارێك جیاوازی هەیە.

پەیوەست بە پرسی بردنی دۆلار لە كوردستانەوە بۆ ئێران، محەمەد وەهاب نوێنەری كەلار لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی، هەمیشە دراوە بیانییەكان لە مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە دەبرێنە ئێرانەوە .

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستە ڕوو، "بۆ مەبەستی رێگری لە بردنەدەرەوەی دراوە بیانییەكان، زیاتر لە جارێك یەكەی كارگێڕیی گەرمیان و داواكاری گشتیم ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە چاوەڕوانی لێپێچینەوە و وەڵامی توندم، چونكە لێپێچینەوەی ئەوتۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیانەدا ناكرێت كە بەو كارە هەڵدەستن."

بە گوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆرترین قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەوێتە مەرزی پەێزخان كە سنووری یەكەی كارگێڕیی گەرمیانە.

گەرمیان / سەبری هۆرینی 




وشە - سلێمان تاشان